تەنگەی هورمز؛ خاڵە لاوازەکەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران


رووداو دیجیتاڵ

تەنگەی هورمز بووەتە کارتێکی بەهێزی دەستی ئێران و یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی لەنێوان تاران و واشنتن راگەیێندراوە. سەرەڕای بەردەوامیی مشتومڕەکانی نێوان هەردوولا لەسەر ئەو پرسە، ئێران دەڵێ کە لەمەودوا داهاتی تەنگەکە بۆ ئەو دەبێت.
 
محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران، لەبارەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەکەوە دەڵێت: "پێموایە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە بە داڕشتنی کۆتایی پرۆژەیاسایەک و پەسەندکردنی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگاتە قۆناخێک کە بتوانین کۆنترۆڵی تەواوەتی خۆمان بەسەر تەنگەکەدا جێبەجێ بکەین، دەستکەوتێکی گەورەی ئەم شەڕە دەبێت. هەروەها سەروەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر ناوچەکە و تەنگەی هورمزدا دەستکەوتی ئابووری گەورەی بۆ ئێران دەبێت."
 
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کردنەوەی تەنگەی هورمزی بە مەرجی سەرەکیی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە داناوە و رایگەیاندووە، هەموو کەشتی، فڕۆکە و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە کاتێکدا سەدان کەشتی لە تەنگەکە گیریان خواردووە، ئێران رایگەیاندووە کە لەمەودوا داهاتی تەنگەکە بۆ ئەوان دەبێت. موجتەبا یوسفی، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی ئێران لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: "بڕیار دراوە ئەو داهاتانەی بەدەست دێت، کە ئاراستەکردن، چاودێری و ئاسایش دەگرێتەوە، 30٪ی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بەرگریی وڵات و 77٪ی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، بژێویی خەڵک و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکان خەرج بکرێت."
 
هاوکات لەگەڵ مشتومڕەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر تەنگەی هورمز، سوپای پاسداران بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەکەدا، دوو رێڕەوی جێگرەوەی دەستنیشان کردووە؛ ئەوەش لەبەر ئەگەری هەبوونی مینە دەریاییەکان لە رێڕەوە ئاساییەکەدا.