پزیشکیان: لوبنان بەتەنیا جێناهێڵین
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەستە. دەشڵێت: "لوبنان بەتەنیا جێناهێڵین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "دەستدرێژیی دووبارەی رژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان، پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنی سەرەتایی ئاگربەستە. ئەمە نیشانەیەکی مەترسیداری فێڵکردن و پابەندنەبوونە بە رێککەوتنە ئەگەرییەکان."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە پرۆسەی دیپلۆماسی پەکدەخات و دەڵێت: "بەردەوامبوونی ئەم کارانە، دانوستاندن بێ مانا دەکات."
پزیشکیان جەخت لە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکاتەوە و دەڵێت: "دەستەکانمان لەسەر پەلەپیتکە دەمێننەوە. ئێران هەرگیز خوشک و برا لوبنانییەکانی بە تەنیا جێناهێڵێت."
بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن. بڕیارە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026ـیش، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەر لەسەرەتای راگەیاندنییەوە مشتومڕی ناوەتەوە. تاران دەڵێت، ئاگربەستەکە لوبنان و بەرەی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵاش دەگرێتەوە. بەڵام ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە شەڕ لە لوبنان رابگرێت و ئەمریکاش تاوەکو ئیستا پشتگیری لەو بۆچوونەی ئیسرائیل دەکات.