سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران: مافی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە هەر دانوستاندنێکدا گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایدەگەیێنێت، پاراستنی مافی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم "پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە" بۆ هەر دانوستاندنێکی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا.
ئیسلامی رۆژی پێنجشەممە (9ی نیسانی 2026) لە پەراوێزی رێوڕەسمی چلەی کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
لە کاتێکدا ئەمریکا رەتیدەکاتەوە دان بە مافی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمدا بنێت، کە یەکێکە لە خاڵەکانی پلانە 10 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، محەممەد ئیسلامی گوتی: "ئەمە بەشێکە لەو شتە پێویستانەی کە کەس سازشی لەسەر ناکات."
ئەم لێدوانەی بەرپرسی هەرەباڵای ئەتۆمیی ئێران لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەینی یان شەممە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کۆببنەوە بۆ دانوستاندن لەسەر راگرتنی جەنگەکە.
لە رێوڕەسمەکەدا کە خەڵكێكی زۆر ئامادەی بوون، بەشێک لە بەشداربووان پۆستەریان بەرزکردبووەوە، کە لەسەری نووسرابوو "ئاگربەستی شەوانە، کودەتایەکی نوێ"، کە ئاماژەیە بۆ نیگەرانی و بێمتمانەیی بەشێک لە رای گشتیی ئێران بەرامبەر بە رێککەوتنی ئاگربەستەکە.