سوپای پاسداران: ئێران بڕیار دەدات چ کەشتییەک بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سیاسیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بە تەواوی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی بەدەستەوەیە و لەمەودوا تاران بڕیار دەدات چ کەشتییەک بە تەنگەکەدا تێپەڕێت و کێ نەوت هەناردە بکات..
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی نیسانی 2026، محەممەد ئەکبەرزادە، جێگری سیاسیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بە گرنگیی ستراتیژی تەنگەی هورمز کرد و رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای پێناسەی سیستمێکی یاسایی نوێ، کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی بۆ هەمیشە بەدەستەوە دەبێت و بەڕێوەی دەبات. ئێران بە ویستێکی گەورەوە کۆنترۆڵی رێڕەوە دەکات و لەمەودوا ئێمە دیاری دەکەین کام کەشتی تێپەڕێت و کام نەوت هەناردە بکرێت."
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: "ترەمپ پێیوابوو بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی دەتوانێت گوشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەو بێئاگا بوو لەوەی ئێران هێزی چەکداری بەهێز و خەڵکێکی هەمیشە ئامادەی هەیە؛ بۆیە ترەمپ و هاوپەیمانەکانی شکستیان هێنا."
سەبارەت بە ئاگربەست و گفتوگۆکان، جێگری سیاسیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختی کردەوە کە ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام گوتیشی: "پێموانییە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ ئەنجام و دەستکەوتێکی هەبێت."
ئەکبەرزادە سەبارەت بە نێوەندگیریی پاکستان رایگەیاند، تاران ئامادەیە لە کات و شوێنێکی دیاریکراو و بە رەچاوکردنی مەرجەکان گفتوگۆ بکات.
بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە مەرجی سەرەکیی جێبەجێکردنی ئاگربەست داناوە. راشیگەیاندووە، هەموو کەشتییەکان، فڕۆکەکان و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران دەمێننەوە، تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.