بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆڵی رێبەری ئێران: موجتەبا خامنەیی بریندارە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆتۆکۆڵی رێبەری ئێران رەتیدەکاتەوە رووخساری رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بریندار بووبێت. 
 
مەزاهیر حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتی پرۆتۆکۆڵ لە نووسینگەی رێبەری ئێران رایگەیاند: "رۆژی هێرشکردنە سەر نووسینگە و ماڵی عەلی خامنەیی لە تاران، موجتەبا خامنەیی لە نووسینگەی رێبەری بوو. کاتێك لە شوێنەکە درا، بەهۆی زنجیرەیەک تەقینەوەوە بریندار بوو؛ ئەژنۆ، پشت و پشت گوێی بریندار بوو."
 
بە گوتەی مەزاهیر حوسێنی، "ئێستا دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی باشە، برینەکانی سارێژ بوون و تەواو سەلامەتە."
 
مەزاهیر حوسێنی رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیەی کە گوایە رووخساری رێبەر بریندارە، دوورە لە راستییەوە و لە سەریدا تەنیا پشت گوێی بریندار بوو کە ئەویش کاتێک عەمامە دادەنێت، دیار نابێت."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، لە دوو مانگی رابردوودا چەندینجار بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل رایانگەیاندووە، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بووە. 
 
28-2-2026 جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بە هێرشکردنە سەر نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکرد و دوای 39 رۆژ بە راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە جەنگ بە شێوەی کاتی راگیرا.