تەندروستیی ئێران دەڵێت، 700 هاووڵاتیی سڤیل لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 700 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون، کە 18یان پزیشک و کارمەندی کەرتی تەندروستی بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2025 عەلیڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران لەکاتی سەردانیدا بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری تاران، ئامارێکی نوێی لەبارەی قوربانییانی جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
عەلیڕەزا زەفەرقەندی رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر شارەکانی ئێران 700 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
بە گوتەی زەفەرقەندی، "18 کەسیان کارمەندی کەرتی تەندروستی بوون کە 6یان پزیشک بوون."
وەزیری تەندروستیی ئێران هەروەها دەڵێت، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا حەوت نەخۆشخانە و 11 ئەمبووڵانس کرانە ئامانج و بەشێک لە ناوەندە تەندرووستییەکانیش بەهۆی دۆخی نائاساییەوە چۆڵکران.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا هەزار و 60 کەس کوژران؛ هەروەها پێنج هەزار و 750 کەسیش بریندار بوون.
7ی تەمموزی 2025، سەعید ئوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "بەشێکی بریندارەکان لە نەخۆشخانە و له بەشی چاودێریی چڕ چارەسەر وەردەگرن و ژمارەیەک لە تەرمەکانیش تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە؛ بۆیە پێشبینی دەکرێت کۆی کوژراوانی ئەم جەنگە بگاتە زیاتر لە هەزار و 100 کەس."
سەعید ئوحەدی گوتی، لەنێو کوژراوەکاندا 126 ژن و 41 منداڵ هەن.
لە 13ی حوزەیراندا جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.