سوپای ئێران هۆشداری دەداتە خۆپێشاندەران؛ 'ئاڵۆزییەکان پیلانگێڕیی ئەمریکا و ئیسرائیلە'

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئێران لە 14یەمین رۆژی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان لە وڵاتەکەی، راگەیێندراوێکی تووندی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، ئەمریکا و ئیسرائیل لەپشت ئاڵۆزییەکانن و هۆشدارییش دەدات، "بە تووندی رووبەڕووی هەر پیلانێک دەبینەوە.''
 
ئەمڕۆ شەممە 10-01-2026 سوپای ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە خۆپێشاندانی ناڕەزایی خەڵک، کە زۆربەی شارەکانی گرتووەتەوە، رایگەیاند، ئەمریکا بە ''پیلانێک''ی دیکە و بە پاڵپشتیی ئیسرائیل، دەیەوێت ئارامی و ئاسایشی گشتیی وڵاتەکە تێکبدات.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوپای ئێران لەژێر فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە، "بە هەستیارییەکی تەواوەوە چاودێریی جووڵەکانی دووژمن لە ناوچەکەدا دەکات و بە هێزەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، ژێرخانە ستراتیژییەکان و سامانی گشتی دەکات.''
 
ئەم شەپۆلە ناڕەزاییە کە سوپای وڵاتەکە بە "دەستوەردانی دەرەکی و پیلانی بەکرێگیراوانی بیانی''ی دەزانێت، لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دەستیپێکرد، بەڵام بە خێرایی تەشەنەی سەند و زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێرانی گرتەوە.
 
جیا لە خەڵکی ناڕازی، ژمارەیەک لە ئەندامانی رێکخراوی بەسیج، سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون. سوپای ئێران بەشێک لە خۆپێشاندەران بە ''تیرۆریست'' ناو دەبات و دەڵێت، گوێڕایەڵی ئیسرائیل و ئەمریکان، ''بۆیە وێڕای هێزە ئەمنییەکان، بۆ پاراستنی وڵات بەرەوڕوویان دەبینەوە.''
 
تاوەکو ئێستا خۆپێشاندانەکان کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە کە گرنگترینیان پاڵپشتیی سەرۆکی ئەمریکایە. دۆناڵد ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە کە ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت، ئەوا ئەمریکا "بە تووندترین شێوە" لێیان دەدات.
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هەینی، لانیکەم کوژرانی 65 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام ئێران بە فەرمی ژمارەی کوژراوانی رانەگەیاندووە.