عێراقچی: ئەمریکا دەیویست سیناریۆی ڤەنزوێلا لە ئێران دووبارە بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا پلانی هەبوو هاوشێوەی ڤەنزوێلا، لە سێ رۆژدا ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات، بەڵام "نەیتوانی". دەشڵێت: "ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات مۆساد لەنێو تارانە و رۆڵی لە نائارامییەکاندا هەیە."

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە (10-01-2026) لەبارەی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی و گرژییەکان رایگەیاند، دۆخی ئێران بە گشتی "باشە"، هەرچەندە دانی بەوەدا نا بەهۆی گەمارۆکان و لاوازیی ئابوورییەوە، کێشە هەیە.
 
"سیناریۆی ڤەنزوێلا"
 
عێراقچی باسی لەوە کرد واشنتن پلانی هەبووە حکومەتی ئێران بڕووخێنێت و گوتی: "ئەمریکا بەنیازی ئەوە بوو ئەو کاری لە ڤەنزوێلا کردی، لە ئێرانیش بیکات. ئەوان پێیانوابوو دەتوانن لە سێ رۆژدا ئێران ناچار بکەن خۆی رادەست بکات، بەڵام نەیانتوانی."
 
سەبارەت بە دەنگۆی بوونی دەستی دەرەکی لە خۆپێشاندانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "کاربەدەستانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن هێزەکانی مۆساد لە تاران و ئێران ئامادەن و لە نائارامییەکانی ئەم دواییەدا رۆڵیان هەیە."
 
سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، عێراقچی تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی ئەمریکاوە: "ئێمە بۆ رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکتر ئامادەین، بەڵام دڵنیا نین ئەمریکییەکان ئەوەیان دەوێت."
 
لێدوانەکانی عێراقچی لەکاتێکدایە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی باڵی بەسەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشاوە.
 
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا 31 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە. هاوکات رۆژی پێنجشەممە (8-1-2026)، مانگرتنی گشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و دووکان و بازاڕەکان داخران.
 
بەرپرسانی ئێران بەردەوام ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە بە "پلانی دەرەکی" و دەستوەردانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل دادەنێن.