داواکاری گشتیی ئێران: ئاژاوەگێڕان هیچ جیاوازییەکیان نییە و دژی خودان
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد موەحدی ئازاد دەڵێت، دەبێ دادگەکان بە وردی و بەبێ بەفیڕۆدانی کات، لێبڕاوانە دەست بکەن بە دادگاییکردنی "خیانەتکاران بە وڵات" و سزایان بدەن، سزای خۆپێشاندەران سێدارەیە.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، داواکاری گشتیی ئێران ئەمڕۆ شەممە، 10-1-2026، فەرمانی بە سەرجەم دادگەکان کردووە، تۆمەتی هەموو ئاژاوەگێڕان یەکێکە و دەبێت بێبەزەییانە سزا بدرێن.
بە گوتەی موەحدی ئازاد، "لە روانگەی ئێمەوە ئاژاوەگێڕان هیچ جیاوازییەکیان نییە، هەموویان دژی دەسەڵاتی ئیسلامی هەستاونەتەوە و موحاربن (دژی خوا شەڕ دەکەن)."
بەپێی یاسای ئێران، ئەو کەسانەی دەسەڵاتی داد تۆمەتی "موحارب" دەخاتە پاڵیان، سزاکەیان سێدارەیە.
داواکاری گشتیی ئێران دەڵێت، ئەو ئاژاوەگێڕانەی کە چوونەتە سەر شەقامەکان و خزمەت بە "تیرۆریستەکان" دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە چەکی دژ بە حکومەتی ئێران هەڵگرتووە، هیچ جیاوازییەکیان نییە و هەموویان "تیرۆریستن".
موەحدی ئازاد گوتیشی، "هیچ بیانوویەکیان نەماوە بڵێن فریودراین، لەبەر ئەوەی بە باشی سەبارەت بە پیلانی دوژمنان هۆشداریمان داوە."
هەروەها ئەمڕۆ سوپای ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە خۆپێشاندانی ناڕەزایی خەڵک، کە زۆربەی شارەکانی گرتووەتەوە، رایگەیاند، ئەمریکا بە ''پیلانێک''ی دیکە و بە پاڵپشتیی ئیسرائیل، دەیەوێت ئارامی و ئاسایشی گشتیی وڵاتەکە تێکبدات.
تاوەکو ئێستا خۆپێشاندانەکان کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە کە گرنگترینیان پاڵپشتیی سەرۆکی ئەمریکایە. دۆناڵد ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت، ئەوا ئەمریکا "بە تووندترین شێوە" لێیان دەدات.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هەینی، 2 هەزار و 311 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.