سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا: سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران شەرمەزار دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، ئاگاداری ئەو توندوتیژیانەن لە دژی خۆپێشاندەران لە ئێران دەکرێن. دەشڵێت، ئەو توندوتیژیانە شەرمەزار دەکەن و داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەش دەکەن بەو هۆیەوە دەستگیرکراون.
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "شەقامەکانی تاران و شارەکانی دیکەی جیهان، ئاگاداری دەنگی هەنگاوی ئەو ژن و پیاوە ئێرانییانەن کە داوای ئازادی دەکەن".
دەشڵێت، ئەوان هەوڵدەدەن بۆ "ئازادیی رادەربڕین، کۆبوونەوە، گەشتکردن و لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ ئەوەی بە ئازادی ژیانیان" هەبێت.
ناڕەزاییەکان، رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە دەستیان پێکرد، بەڵام بە خێرایی بۆ زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران تەشەنەی سەند. وردە وردەش مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو خۆپێشاندانانە تووندتر دەبێت. تاوەکو ئێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپێشاندەر لەو وڵاتەدا کردووە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتیشی، "ئەورووپا بە تەواوی لە پشتیان وەستاوە و بە بێ دوودڵی، سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ئەم خۆپێشاندانە رەوایانە شەرمەزار دەکەین". ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، "داوا دەکەین هەموو ئەو خۆپێشاندەرانەی زیندانی کراون، دەستبەجێ ئازاد بکرێن. داوای گەڕاندنەوەی دەستڕاگەیشتنی تەواوەتی بە ئینتەرنێت دەکەین. هەروەها داوا دەکەین کە دواجار رێز لە مافە بنەڕەتییەکان بگیرێت."