سەرۆککۆماری ئێران: ئەمریکا هەڵە لە ئێران تێگەیشتووە؛ خەڵک پشتیوانمانن
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان دەڵێت، ئەمریکا پێیوایە بە دنەدانی "کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ" دەتوانێ بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات، بەڵام خەیاڵی خاوە، خەڵک پشتیوانی حکومەت و وڵاتی خۆیانن.
مەسعود پزیشکیان رۆژی شەممە، 10-1-2026، لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە و گوتی، "هەموو هەوڵی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی (ئیسرائیل)، بەردەوامی شەڕ و ئاژاوەیە لە وڵاتانی ناوچەکە".
بە گوتەی پزیشکیان، "ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، دەیانەوێ بە نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوە، رێگە نەدەن وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو بن."
سەرۆککۆماری ئێران دەشڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل هەروەک چۆن یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێلکرد و شەڕی 12 رۆژەیان بەسەر ئێراندا سەپاند، "ئێستاش بە هاندانی کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ دەیانەوێ ئەمنییەتی وڵاتەکەمان تێکبدەن تاوەکو بە خەونە گڵاوەکانیان بگەن، بەڵام ئێمە پشتمان بە خەڵکی خۆمان قایمە".
14 رۆژە خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن، دوای ئەوەی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران ناڕەزاییان دەربڕی، هەرزوو خۆپێشاندان هەموو پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی هەینی، خۆپێشاندەرانی بە "تێکدەر و بەکرێگیراوی بیانییەکان" وەسفکرد و گوتی: ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خوێنی سەتان هەزار مرۆڤ هاتووەتە سەر دەسەڵات و لە بەرامبەر کەسانی تێکدەردا نەرمی نانوێنین.''
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، خۆپێشاندانەکان هەروا بەردەوامن و تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هەینی، 2 هەزار و 311 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.