سوپاسالاری ئێران: هێزەکانمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەن
رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئێران رایدەگەیێنێت، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ هەر ئەگەرێکی رووبەڕووبوونەوە لە ئامادەباشیی تەواودان.
عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، راپۆرتێکی لەسەر ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان پێشکەش بە پەرلەمانتاران کرد. مووسەوی رایگەیاند: "پێویستە هێزەکانمان بۆ هەر بارودۆخێک ئامادەبن، بەتایبەت بەرامبەر بەم دوژمنەی کە هەموو ساتێک قسەیەکی جیاواز دەکات".
ئەم لێدوانانەی سوپاسالاری ئێران لەکاتێکدایە کە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لە نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.
مووسەوی ئەو لێدوانانەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی رەتکردەوە کە گوتبووی پرسی سنووردارکردنی توانا مووشەکییەکانی ئێران بەشێکە لە گفتوگۆکان.
سوپاسالاری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نییە و گوتی: "لەگەڵ ئەوەی ئامادەیی تەواومان هەیە، بەڵام نامانەوێت شەڕێکی ناوچەیی سەرهەڵبدات، چونکە گەشە و پێشکەوتنی ناوچەکە بۆ چەندین ساڵ دوادەخات." هۆشداریشی دا کە "پڕیشکەی ئاگری شەڕ بەر دەستپێشخەران دەکەوێت و لێکەوتەکانی لە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت."
گەڕی نوێی دانوستاندنەکان لە 6ی شوبات لە عومان دەستیپێکردووە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دانوستاندنەکانی بە "سەرەتایەکی باش" ناوبرد و رایگەیاند، هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان رێککەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە گفتوگۆکان "زۆر باش" بوون. بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا جارێکی دیکە شاندی هەردوولا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان کۆببنەوە.