ئێران: لە عومان دەمێنینەوە تاوەکو دەگەینە ئەنجام

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لە بەردەوامیی رێگەی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تاران دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ئامادەن لە مەسقەت بمێننەوە تاوەکو گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام. هاوکات عەلی لاریجانی بۆ گەیاندنی پەیامی وڵاتەکەی بە نێردەی تایبەتی ترەمپ، گەیشتە عومان.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "تاران پێداگرە لەسەر رێگەی دیپلۆماسی و دانوستاندنەکان لە عومان. وێڕای ئامادەییمان بۆ رێککەوتن، بەڵام هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، بە تووندی وەڵام دەدەینەوە."
 
بەپێی میدیاکانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی عومان پێشوازی لە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە. لاریجانی هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە پەیامەکانی تاران بگەیێنێتە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە "جیدیبوونی ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا جێگەی گومانە"، بەڵام جەختی کردەوە کە تاران نایەوێت کات بکوژێت و هەڵگرتنی سزاکان بابەتی لەپێشینەی ئەوانە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕینی شوێنی دانوستاندنەکان بەهۆی تورکیاوە، بەقایی گوتی، "سوپاسی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکەین، بەڵام بڕیاردرا لێرەدا تەنیا تیشک بخرێتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی، هەر بۆیە مەسقەت بەهۆی ئەزموونی سەرکەوتووی لە نێوەندگیریدا، گونجاوترین شوێن بوو."
 
بەقایی لە لێدوانەکانیدا هێرشی کردە سەر ئەمریکا و فەرەنسا و بە "هاوبەشی تاوانەکانی ئیسرائیل" لە غەززە و لوبنان ناوی بردن. هەروەها داوای لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کرد، سەربەخۆ بڕیار بدەن و نەکەونە ژێر کاریگەریی "لۆبییەکانی ئیسرائیل" کە دەیانەوێت رێڕەوە دیپلۆماسییەکان تێکبدەن.
 
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانەی تاران لە کاتێکدایە کە پرسی ئەتۆمی گەورەترین ئالنگاریی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە بووە. ئێستا ئێران لە یادی ساڵڕۆژی شۆڕشەکەیدا، دەیەوێت لەرێگەی تێکەڵکردنی "هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسیی چڕ"، پێگەی خۆی لەبەرامبەر ئیدارەی نوێی ترەمپدا بەهێز بکات.