عەلی خامنەیی لێبووردن و کەمکردنەوەی سزای زیندانی بۆ زیاتر لە 2000 کەس دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، 2108 زیندانی لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای زیندانیکردن دەیانگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026، ئاژانسی میزان، میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد لە نامەیەکدا داوای لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی بدات و عەلی خامنەییش بە داواکارییەکە رازی بووە.
عەلی مزەفەری، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئەمرۆ سێشەممە رایگەیاند، ناوی دوو هەزار و 108 کەس کە لە لایەن لیژنەی تایبەتەوە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان کرابوو، شیاوی لێبووردنی گشتییە، بۆیە دوای پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان، لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوە لیستی ناوەکان بۆ رێبەر نێردرا و ئەویش رەزامەندی دەربڕی.
عەلی مزەفەری گوتی، بەپێی بریارەکە، هەزار و 919 زیندانی ئازاد دەکرێن و سزای هەزار و 189 زیندانیی دیکەش کەم دەکرێتەوە.
ئەم بڕیارە پەیوەندی بە خۆپیشاندان و گرژی و دەستگیرکراوانی ئەم ساڵەوە نییە.
ساڵانە لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا عەلی خامنەیی لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای زیندانی بۆ سەتان بەندکراو رادەگەیێنێت.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی 47ـەمین ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ئەو بڕیارەی ئێستای داوە.