وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپرسی پەککەوتنی بازاڕی نەوتن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران بەرپرس نییە لە پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا، بەڵکو هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتە هۆی دروستبوونی ترس لای کەشتییە نەوتکێشەکان.
عەباس عێراقچی، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێواشبوونەوە یان وەستانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت پلانی ئەوان نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو "دەستدرێژییانەیە" کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەکرێنە سەر خاکی ئێران.
عێراقچی لەبارەی دۆخی تەنگەی هورمزەوە گوتی: "ئێمە تەنگەی هورمزمان دانەخستووە و رێگریمان لە هاتووچۆی کەشتییەکان نەکردووە، بەڵام نائارامیی ناوچەکە وای کردووە کەشتییە نەوتکێشەکان لە تێپەڕبوون بترسن."
هەروەها هۆشداریی دا کە ئەم ناجێگیرییە دەرەنجامی زۆر گەورەی دەبێت و گوتی: "ئەم دۆخە نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش مەترسیدارە."