تاران، قودس و قوم بۆردوومان کران


رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەند پێگەیەکی سەربازی لە شارەکانی تاران، قودس (قەڵای حەسەن خان) و قوم بۆردوومان کران. 
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە لایەن هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشکرایە سەر شارەکانی تاران، قودس یان قەڵای حەسەن خان و قوم کە دەکەوێتە باشووری تاران و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لەو شارانە دەبیسترێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئێران، دەنگی تەقینەوە لە چەند شوێنێکی شاری تاران و قودس دەبیسترێ.
 
ئاژانسی هەواڵی مێهر دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران چالاک بووەتەوە و بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە. 
 
لە شاری قوم لە باشووری تارانیش دەنگی تەقینەوەی بەهێز دەبیسترێ.
 
بەپێی زانیارییەکان، بارەگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە شاری قوم بۆردوومان کراوە.
 
بەگوێرەی گرتەیەک کە بڵاوکراوەتەوە، باڵەخانەیەک لە شاری قوم کراوەتە ئامانج و دووکەلێکی رەش بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای قوم رایگەیاند، بە شێوەیەکی رێکخراو و بە پلان ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەتەقێننەوە، کە لە هێرشەکانی سەر شارەکەدا بەکارهاتوون بەڵام نەتەقیون.
 
تاوەکو ئێستا زیانی بۆردوومانەکان لەو سێ شارە دیار نین. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێ ناوەتە رۆژی 11ـیەمەوە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە دیار نییە.