فەرماندە و بەرپرسە کوژراوەکانی ئێران بە خاک دەسپێردرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، کاژێر 13:30 بە کاتی تاران، تەرمی فەرماندە و بەرپرسانی ئێران ئەوانەی لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کوژراون، بە خاک بسپێردرێن.
دامەزراوەی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە: "سبەی لە رێوڕەسمێکدا تەرمی شەهیدانی جەنگی رەمەزان کە بەسەر ئێران سەپێنرا، بە خاک دەسپێردرێن.''
بەپێی زانیاریی میدیای ئێران، فەرماندە باڵا کوژراوەکانی بۆردوومانەکان، کۆمەڵێک لە کوژراوانی دیکەش لە تاران لە رێوڕەسمێکدا بە خاک دەسپێردرێن، رێوڕەسمەکە لە گۆڕەپانی شۆڕشی ئیسلامی تاوەکو شوێنی بەخاکسپاردنیان بەردەوام دەبێ.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لە 10 رۆژی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەزار و 255 کەس کوژراون و 12 هەزار کەسیش بریندارن.
11 کارمەندی کەرتی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە، 55 کارمەندی دیکەی پزیشکی بریندار بوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو رۆژ دوای هێرشکردنە سەر ئێران رایگەیاند: "لە یەکەم لێدانمان 49 سەرکردەی ئێرانمان کوشت.''