سوپای پاسداران: دەستدرێژییەکان بەردەوامبن رێگە نادەین یەک لیتر نەوت هەناردە بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و گوتی، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی چاوەڕێی گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'جێراڵد فۆرد'ن بۆ ناوچەکە و جەخت دەکاتەوە کە دەستپێشخەریی مەیدانی جەنگ لە دەستی ئێراندایە.
 
"ترەمپ درۆ دەکات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی"
 
سەردار نائینی، لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بۆ راکردن لەو گوشارە دەروونی و سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لەسەریەتی، پەنای بۆ "درۆکردن" بردووە. 
 
نائینی گوتی: "ترەمپی تاوانبار دوای شکستە شەرمەزارکەرەکانی، دەیەوێت بە فێڵ و تەڵەکە دەستکەوت بۆ خۆی دروست بکات و رای گشتی چەواشە بکات."
 
ترەمپ چی گوتبوو؟
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا باسی لە جەنگی ئێران کرد و رایگەیاند، "ئێمە گەشتێکی بچووکمان دەستپێکرد، چونکە هەستمان دەکرد دەبێت ئەوە بکەین بۆ ئەوەی لە هەندێک کەس رزگارمان بێت. و پێم وایە دەبینن کە ئەوە دەبێتە گەشتێکی کورتخایەن". 
 
لەبارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد، "ئەگەر هێرشمان نەکردایە، لە یەک هەفتەدا هێرشیان دەکرد، 100٪ دڵنیام، ئەوان مووشەکی زۆر زیاتریان هەبوو لەوەی بیری لێدەکەیتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئەوان هێرشیان دەکردە سەر ئێمە دواتر هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواتر چەکی ئەتۆمییان بەدەستدەهێنا و بە چەکەکە لە ئیسرائیلیان دەدا".
 
دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ 1000 کیلۆمەتر
 
گوتەبێژەکەی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەبوونی ئاسایش، کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ترسی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر لە ناوچەکە دوورکەوتوونەتەوە. 
 
گوتیشی: "سەربازە ترسنۆکەکانی ئەمریکا بنکەکانیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ هۆتێلەکانی ناوچەکە بردووە، سەربازانی ئیسرائیلیش خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە شارستانییەکان وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنن."
 
"مووشەکمان تەواو نەبووە، بەهێزتر بووین"
 
سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران، گوتەبێژی سپای پاسداران رەتیکردەوە مووشەکەکانیان بەرەو تەواوبوون بڕۆن و رایگەیاند: "مووشەکەکانی ئێستامان لە رۆژانی یەکەمی جەنگ بەهێزترن، کێشی هەندێک لە کڵاوە جەنگییەکانمان سەرووی یەک تۆنە و ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێن." 
 
نائینی تەحەدای ترەمپی کرد کە ئەگەر راست دەکات، رێگە بدات رۆژنامەنووسان وێنەی وێرانییەکان و ئاماری کوژراوەکانیان بڵاو بکەنەوە.
 
"دەستدرێژییەکان بەردەوامبن، رێگە نادەین یەک لیتر نەوت هەناردە بکرێت"
 
نائینی هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و رایگەیاند، ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆ سەر ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئێران بەردەوام بێت، "رێگە نادەین تەنانەت یەک لیتر نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوتدا شکستی هێناوە و تەنیا لە 9 رۆژی یەکەمی جەنگدا نرخەکەی دوو هێندە بووە.
 
کۆتایی جەنگ کێ دیاری دەکات؟
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژەکەی سوپای پاسداران گوتی: "دەستی ئێمە بۆ پەرەپێدانی جەنگ کراوەیە. ئاسایش بۆ هەمووان یان نائارامی بۆ هەمووان دەبێت. ئەوە ئێمەین کە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەین، نەک ئەمریکییەکان." 
 
نائینی دووپاتی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان لە تەنگەی هورمز چاوەڕێی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوە.