هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەمڕۆ لە هەموو رۆژەکان کەمتربوون


رووداو دیجیتاڵ
 
لە یازدەیەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کردنە ئامانجەکانی داوودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لە ئێران کەمتربوو لە هەموو رۆژانی رابردوو.

رۆژی سێشەممە 10ـی ئادار، لە یازدەمین رۆژی شەڕدا لە دوو پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها لە تاران و 7 پارێزگای دیکەی ئێران هێرشکرایە سەر ژمارەیەک بنکە و دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی و، لە تاران سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکیش بۆمباباران کران.
 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 
لە بەرەبەیانەوە تاوەکو شەوی سێشەممە، لە پارێزگاکانی لوڕستان و کرماشان چەند شوێنێکی سەربازی بۆمبباران کران. 
 
بەرەبەیان و نیوەڕۆی سێشەممە دووجار لەنێو شاری کرماشان هێرشکراوەتە سەر ئامانجە سەربازییەکان. بەپێی ئەو زانیارییانەی دانیشتووانی کرماشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، پێنج جار بنکەیەکی سەر بە ئەرتەشی ئێران لە گۆڕەپانی (لەشکر)ـی نێو شاری کرماشان بۆردوومان کراوە.
 
هەروەها لە پارێزگای لوڕستان، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان دەڵێن، لە (گوندی ئەنگز)ی سەر بە شاری خوڕەمئاوا خانوویەک بۆمبباران کراوە کە خەڵکی سیڤیلی تێدابووە و لە ئەنجامدا سێ ژن و منداڵێک کوژراون.
 
لە شارەکانی خوڕەمئاوا و چێگەنیی لوڕستان رۆژی سێشەممە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیسترا. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لەو پارێزگایە دەڵێت، ژمارەیەک بۆمب و درۆن کە نەتەقیبوونەوە، تەقێندراونەتەوە.
 
هەروەها لە ورمێ، میدیا حکومییەکان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیان بە بەشێک لە باڵەخانەکانی زانکۆی ورمێ گەیشتووە. ئەو میدیایانە رایانگەیاندووە، هێرشەکە زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام ئاماژەیان بە کاتی هێرشەکە نەداوە. 
 
لە هەفتەی یەکەمی شەڕدا، دەیان شوێن لەنێو شار و دەورووبەری شاری ورمێ بە فڕۆکە و مووشەک بۆمباباران کران.
 
ئێران
 
رۆژی سێشەممە بەشی زۆری هێرشەکان لەنێو شاری تاران بوون. لە گەڕەکەکانی (نارمەک، بەهاری جنوبی، ئێکباتان، تێهرانسەر، کوهەک، گۆڕەپانی رەسالەت، ئیختیارییە و دەستغەیب)ـی تاران چەندین شوێن بۆمباباران کران. 
 
هەروەها چەند ئۆتۆمبێلێک لەکاتی تێپەڕین لە ئۆتۆبانی باقریی تاران بۆردوومان کران. شارەوانیی تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون و 7 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا ناسنامەی سەرنشینەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانە رانەگەیێندراوە. 
 
میدیاکانی ئێران دەڵێن، لە گۆڕەپانی رەسالەتی شاری تاران ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کراوەتە ئامانج و لانیکەم سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوون بۆردوومان کراون، بەڵام هەر لەو شەقامە، باڵەخانەیەکی پۆلیسی تایبەت بە کاروباری هاتووچۆ بە مووشەک کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا تاوەکو ئێستا کوژرانی چوار کەس راگەیێندراوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاند، شەوی دووشەممە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکیان لە ژێر زەویی زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێن لە تاران کردووەتە ئامانج. هەروەها دەڵێت، لە تاران شەپۆلێکی دیکەی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی بەڕێوەبردووە، بەڵام وردەکاریی هێرشەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
 
دوای تاران، رۆژی سێشەممە زیاترین هێرش لەسەر تەورێز و شارەکانی دیکەی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات بوو و هێرشکراوەتە سەر چەندین بنکە و شوێنی سەربازی.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، باڵەخانەی سەرەکیی یەکەی تایبەتی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان  و هەروەها ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی تایبەت بە دۆزینەوەی تاوان لەنێو شاری تەورێز بۆمباباران کران. هەواڵی بۆردوومانکردنی باڵەخانەی پارێزگاش بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی تەورێز رەتیکردەوە. 
 
لە مەراغە ناوەندی فەرماندەیی پۆلیس و بنکەیەکی پۆلیس بۆردوومان کراون. هەروەها لە بناو، لە فەرماندەیی پۆلیس درا و لە عەجەب شێریش، هێرشکرایە سەر ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیس لەو شارەدا. 
 
لە شارەکانی بناو، ئۆسکو، عەجەبشێر، ئازەرشەهر، مەراغە و مەلکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتیش چەندین بنکەی سەربازی و ئەمنی بۆردوومان کران.
 
هەروەها لە گەڕەکی مێهرشەهری کەرەج لە بەرەبەیانی سێشەممە هێرش کرایە سەر ڤێلایەک و بە تەواوی رووخێندراوە.
 
فڕۆکەخانەی شاری کرمان و هەروەها بنکەیەکی پۆلیس و ناوەندێکی هێزی ئاسمانیی سوپای ئێران لەو شارە ئەمڕۆ سێشەممە بۆردوومان کران. جێگری پارێزگاری کرمان دەڵێت، زیان بە هەندێک بەشی فڕۆکەخانەکە گەیشتووە و دوو فڕۆکەش کراونەتە ئامانج.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەنێو شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارس، باڵەخانەیەک کرایە ئامانج و بەپێی ئامارێک کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون. 
 
لە شاری ماهشەهری پارێزگای خوزستان، لانیکەم بە مووشەک لە چوار بنکەی سەربازی درا و لە کەنارئاوەکانی بەندەر لەنگە لە پارێزگای هورموزگانیش، کەشتییەکی سەربازیی ئێران بۆردوومان کراوە و دووکەڵی زۆر بە ئاسماندا بڵاوبووەتەوە.
 
هەروەها بە چەند مووشەک هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان. 
 
ئێران و ئیسرائیل دەڵێن بەردەوام دەبین 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبن لەسەر کردنە ئامانجی دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی ئێران، بەڵام لە رۆژی دووشەممەوە، هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و شوێنەکانی دیکە لە ئێران کەمبوونەتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا بە فەرمی باسی کۆتاییهاتنی شەڕ ناکرێت. قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران، فەرماندەیی سوپای پاسداران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئێران رایانگەیاندووە، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کردنە ئامانجی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوام دەبن. 
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێرانیش رۆژی سێشەممە گوتی "هەرجۆرە هەوڵێک بۆ نێوبژیوانی دەبێ لە دۆخێکدا بێت کە شەڕ بە تەواوی وەستابێت و گەرەنتی ئەوە درابێت، هێرشکردنەسەر ئێران دووبارە نابێتەوە".
 
هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی هێرشەکان، سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی سەرۆک ئەرکان، وەزیری بەرگری، فەرماندەی سوپای پاسداران، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای دیکەی سەربازیی ئێران لە تاران بەڕێوەدەچێت. ئەو کەسانە لە رۆژی یەکەمی شەڕدا کوژراون و تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، رێوڕەسمی ناشتنیان بەڕێوەنەچووە.
 
ئیتیڵاعات: 30 کەسمان بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکردوون
 
لەگەڵ کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەپێی راپۆرتی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو شەڕەدا دەستیپێکردووە. بەپێی راپۆرتی ئەو میدیایانە، لە هەموو ناوچەکانی ئێران ئەو کەسانە دەستنیشان کراون و دەست کراوە بە دەستبەسەرکردنیان.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا 30 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی و کارکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەسەرکردووە. بەپێی راگەیێندراوەکە، لانیکەم چوار کەس لەوانە لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کراون.
 
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، ئەو کەسانەی هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردبێت، سزای قورس دەدرێن و سزاکانیان دەگاتە لەسێدارەدانیش. هەروەها دەڵێت، ئەگەر تۆمەتەکە لەسەر کەسێک ساخ بێتەوە، ئەگەر لە دەرەوەی ئێرانیش بێت، لەنێوخۆی ئێران دا دەست بەسەر موڵک و داراییەکانیدا دەگیرێت