هێرشەکان لەسەر تاران و ئیسفەهان چڕبوونەتەوە و سوپای پاسداران مەرجی دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە و مووشەک و درۆن بۆ سەر ئێران بەردەوامە. لە رۆژی دووشەممەوە، هێرشەکانیان زیاتر لەسەر تاران، ئیسفەهان و باشووری ئێران چڕبوونەتەوە. سوپای پاسدارانیش مەرجی دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنێت بۆ وڵاتان، تاوەکو رێگە بدات کەشتییەکانیان لە تەنگەی هورموز تێپەڕن.
نیوەشەوی دووشەممە 9ی ئاداری 2026 و بەرەبەیانی سێشەممە، شەپۆلێکی دیکەی هێرشی ئاسمانی بۆسەر دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و ژێرخانەکانی وزە لە تاران، کەرەج، تەورێز و ئیسفەهان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، چەندین شوێن بەتایبەت لەنێو شار و دەورووبەری تاران کراونەتە ئامانج. قەرارگەی (خاتەمولئەنبیا)ـی ئێران دەڵێت، ژمارەیەک مووشەکیان لە ئاسمانی تاران خستوونەتە خوارەوە.
دوای نیوەڕۆی دووشەممەش، چەندین شوێن بە تایبەت لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای شاری تاران بە تایبەت لە گەڕەکەکانی (تێهرانسەر، سۆهرەوەردی، ئاپادانا، رەسالەت، کوهەک، قەلعەی حەسەنخان، مەجیدیەی باشوور) بۆردوومان کران. باڵەخانەی ناوەندیی فەرماندەیی پۆلیس لە رۆژئاوای تاران و بنکەیەکی بەسیج بە ناوی کەربەلا لە شەقامی رەسالەت لەنێو شوێنە بۆردوومانکراوەکاندان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی تاران، دوو باڵەخانە لە رۆژهەڵاتی تاران بە مووشەک کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی خەڵک لە تارانەوە داویانەتە میدیاکان، لە تاران ژمارەیەک خانوو و باڵەخانە بۆردوومان کراون کە دیار نییە چین و لەسەر باڵەخانەکان هیچ تابلۆیەک نەبووە. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومان کراوە، کۆمپانیایەکی تایبەت بە فیلتەرکردنی ئینتەرنێت بووە.
دوای نیوەڕۆی دووشەممە، لە شاری شەهریاری رۆژئاوای پارێزگای تارانیش هێرشکرایە سەر ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران، ژمارەیەک فەرمانگەی ئیداری و سەربازگەیەک. هەروەها شەوی دووشەممە، ئامانجێک لە نزیک فڕۆکەخانەی (مێهرئاباد)ـی تاران بۆردوومان کرا.
لە پارێزگای ئەلبورزیش، دوو بنکەی سوپای پاسداران و بەسیج لە گەڕەکی (گوڵشەهر) و دوو بنکەی بەسیج لە (شەقامی گوڵزاری رۆژئاوا و گەڕەکی مێهرشەهر)ـی لەنێو شاری کەرەج بۆردوومان کران. لە نزیک کەرەجیش، بنکەی سەرەکیی بەسیج لە شارۆچکەی (محەممەدشەهر) و سەربازگەی سوپای پاسداران لە شارۆچکەی نەزەرئاباد کرانە ئامانج.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە پارێزگای ئیسفەهانیش زیاتربووە.
رۆژی دووشەممە، لەنێوان کاژێر پێنج بۆ شەشی بەیانی لەنێو شاری ئیسفەهان هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک. باڵەخانەی ناوەندیی هەواڵگریی سوپای پاسداران لەنێو شاری ئیسفەهان و هەروەها سەربازگەیەکی هێزی پیادەی سوپای پاسداران لەو شارە بۆردوومان کران.
نزیک کاژێر شەشی بەیانیش بە چەند مووشەک، ئامانجە سەربازییەکان لە شاری سپاهانشەهری پارێزگای ئیسفەهان بۆردوومان کران. زیاترین هێرش کرایە سەر سەربازگەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران لە نزیک شاری سپاهانشەهر.
رۆژی دووشەممە لە شاری بەندەرعەباسی پارێزگای هورموزگانیش، ژمارەیەک دامەزراوەی سوپای پاسداران و بنکەی هێزی دەریایی ئەرتەش کرانە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە ناوەندەکانی دروستکردن، راگرتن و هەڵدانی درۆنیان لە ئێران کردووەتە ئامانج و هێرشیان کردووەتە سەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەو وڵاتە.
سوپای ئیسرائیل شەوی دووشەممە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە هەزار و 900 کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانیان کوشتووە، لەنێویاندا فەرماندە باڵا سەربازییەکان و بە هەزاران کەسی دیکەشیان بریندار کردووە. هەروەها دەڵێت، لە سەرەتای شەڕەوە شەش فڕۆکەخانەی سەربازییان بۆردوومان کردووە.
یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، سیستمی گواستنەوەی ئاسمانیی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد بووە و 16 فڕۆکەی نێو فڕۆکەخانەکەیان پەکخستووە.
لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل دا، قەرارگەی (خاتەمولئەنبیا)ـی ئێران شەوی دووشەممە رایگەیاند، هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئەورووپایی باڵیۆزی ئەمریکا و ئیسرائیل دەربکات، رێگە دەدەن لە سێشەممەوە کەشتییەکانی ئەو وڵاتە بە ئازادی بە تەنگەی هورموزدا تێپەڕن.
هەر لەوبارەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 10ی ئادار رایگەیاند ئەگەر ئێران رێگری بکات لە تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمزدا " 20 ئەوەندەی تاوەکو ئێستا لێیاندراوە، لێیاندەدرێت".