وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پێشنیازی ئاگربەستمان لەلایەن چین، فەرەنسا و رووسیاوە رەتکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای ئاگربەستی رەتکردووەتەوە، کە لەلایەن چین، فەرەنسا و رووسیاوە پێشنیاز کراوە.
کازم غەریب ئابادی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "زۆر پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە، لەنێویاندا وڵاتانی چین، رووسیا، فەرەنسا و تەنانەت هەندێک وڵاتانی ناوچەکەش لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵمان، هەروەها وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی، هەندێک لەوانە ویستوویانە هەنگاو بنێن بۆ راگرتنی جەنگەکە و ئاگربەست."
بەرپرسەکەی ئێران بڕیاری وەستاندنی جەنگ بە بڕیارێک دادەنێ لە دەستی وڵاتەکەی و دەڵێت، "بڕیاری وەستاندنی جەنگ بە تەواوی لە دەستی ئێراندایە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامی بڕیاریدا، تەنانەت ئەگەر لایەنی دیکەش بوەستن، دوایین بڕیار لای ئێرانە، چونکە ئەوانن دەستدرێژییان کردووە، پێویستە تەنیا ئەوکاتانە بوەستین کە متمانەمان هەیە، یان دڵنیاییمان هەیە، بە جۆرێک ئەو دەسدرێژییە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها ئەوانەشی ئەو کارانەیان کرد لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە هەفتەی دووەم، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگەکە کورتخایەن دەبێت، بەڵام رەتیکردەوە ئەم هەفتەیە جەنگەکە بوەستێت. هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای قسەکانی ترەمپ رایگەیاند، "زۆر زووە باسی بوونی پەیوەندی لەنێوان ئەمریکا و ئێران بکەین،'' ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی وەستاندنی جەنگەکە.
کازم غەریب ئابادی پێیوایە، ئیسرائیل و ئەمریکا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە لە جەنگەکە و دەڵێت، "تەنیا سەیری بازاڕی وزە و ئابووری بکە، زۆر بە ئازارە بۆ ئەوان.''