چەند کەس لە ئەنجامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کوژراون؟
رووداو دیجیتاڵ
لەوەتەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، دەیان کەس لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوژراون، بەتایبەت دوای ئەوەی وڵاتانی کەنداو کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن، لەگەڵ لوبنان پەلکێشی جەنگەکە کران.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بە پشتبەستن بەو ئامارە فەرمیانەی لە لایەن وڵاتانەوە راگەیێندراون، ژمارەکان بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
ئێران: بەپێی ئاماری کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لانیکەم هەزار و 230 کەس کوژراون، لەنێویاندا 175 قوتابی کچ و ستافی قوتابخانەیەک کە لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا لە شاری میناب لە باشووری وڵاتەکە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی کوژران.
روون نییە ئایا ئەم ئامارە کوژراوانی سوپای پاسدارانیش لەخۆدەگرێت یان نا.
هاوکات سوپای ئێران رایگەیاندووە، لانیکەم 104 کەس کوژران، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ژێردەریاییەکی ئەمریکی کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لە کەناراوەکانی سریلانکا نوقم کرد، کە ئەم ژمارەیە لەنێو ئامارەکەی مانگی سووردا نییە. واتە کۆی گشتی دەکاتە هەزار و 334 کەس.
ئیسرائیل: سوپا رایگەیاندووە دوو سەربازیان لە باشووری لوبنان کوژراون، کە ئەمە یەکەم زیانی گیانیی سەربازەکانیانە لەوەتەی هەفتەی رابردوو شەڕ و پێکدادان لەگەڵ حیزبوڵڵا دەستیپێکردووەتەوە؛ هەروەها بەپێی دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل، 11 کەسی سڤیل کوژراون، لەنێویاندا 9 کەس کە لە 1ی ئادار بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە بۆ سەر شاری بەیت شەمس لە نزیک قودس- ئورشەلیم کوژران.
ئەمریکا: سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە 7 سەربازیان لە کاتی هێرشەکانی بۆسەر ئێران کوژراون.
عێراق: رۆیتەرز دەڵێت، "بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی و پۆلیسی عێراق"، لانیکەم 15 کەس کوژراون. سەرچاوەکانی پۆلیس بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، فەرماندەیەکی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە 5ی ئادار لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی کوژراوە. دیار نییە ئەم ئامارانە ئەوانەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یان نا.
لە هەرێمی کوردستان ئامارەکە چوار کەسە، کە یەکێکیان ئاسایش و 3ی دیکەیان پێشمەرگەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
هەروەها کەتائیبی ئیمام عەلی کە سەر بە گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق، ئەمڕۆ رایگەیاند کە چوار لە ئەندامانی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە قەزای دووزی پارێزگەی کەرکووک کوژراون.
لوبنان: بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لانیکەم 394 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، کە 83یان منداڵ بوون.
سعودیە: دوو کەس کوژران، دوای ئەوەی پاشماوەی تەقەمەنی بەسەر شوێنێکی نیشتەجێبووندا لە شاری خەرج لە باشووری رۆژهەڵاتی ریازی پایتەخت کەوتە خوارەوە.
بەحرێن: وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، کەسێک کوژرا، دوای ئەوەی لە 2ی ئادار ئاگر لە شاری پیشەسازیی سەلمان کەوتەوە کە هۆکارەکەی تێکشکاندنی مووشەکێک بوو لە ئاسماندا.
کوێت: بە گوێرەی وەزارەتەکانی تەندروستی و دەرەوەی کوێت، منداڵێک بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کوژراوە.
سوپای وڵاتەکەش دەڵێت دوو ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و دوو سەربازی سوپا لە کاتی ئەرکدا کوژراون.
عومان: کەسێک کوژرا دوای ئەوەی تەقەمەنییەک بەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کەوت لە کەناراوەکانی مەسقەت کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردبوو.
ئیمارات: بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، 4 کەس کوژراون.
سووریا: ئاژانسی فەرمیی سانا رایگەیاند، لە 28ی شوبات بەهۆی بەرکەوتنی مووشەکێکی ئێران بە باڵەخانەیەک لە شاری سوەیدا لە باشووری سووریا، 4 کەس کوژراون.