حکومەتی ئێران: تاوەکو ئێستا 206 ژن و منداڵ کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بەهۆی شەڕەوە تاوەکو ئێستا 206 ژن و منداڵ کوژراون، بچووکترین کەسیش کە کوژراوە کچێکی تەمەن 8 مانگانەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران ئامارێکی نوێی زیانەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا 206 ژن و منداڵ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران کوژراون.
فاتمە مهاجرانی دەڵێت، "193 کەس لەوانەی لە بۆردوومانەکاندا کوژراون، تەمەنیان لە خوارووی 18 ساڵانە. بچووکترین کەس کە کوژراوە کچێکی تەمەن 8 مانگە و بچووکترین برینداریش کچێکی تەمەن 4 مانگە."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 11 کارمەندی کەرتی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها هێرش کراوەتە سەر 52 ناوەندی تەندروستی، 29 دەرمانخانە و 19 بنکەی فریاکەوتن.
بە گوتەی فاتمە مهاجرانی، 16 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئامبولانس)-یش کراونەتە ئامانج. چوار ئامبولانس و هیلیکۆپتەرێکی فریاکەوتنیش بەر بۆردوومانەکان کەوتوون و بە تەواوی تێکشکاون و لەنێوچوون.