پێنتاگۆن لە دوو رۆژدا زیاتر لە 5 ملیار دۆلار تەقەمەنی لە دژی ئێران بەکارهێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وەزارەتی جەنگ بڕی 5.6 ملیار دۆلار لە تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی بەکار هێناوە، ئەم تێچووە زۆرە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی قووڵ لەنێو بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، ئەوان هۆشداری دەدەن لەوەی سوپای وڵاتەکەیان بە خێراییەکی مەترسیدار کۆگاکانی چەکە پێشکەوتووەکانی بەتاڵ دەکاتەوە بە شێوەیەک کە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت دوو هەزار بۆمب و مووشەک بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ئامانج لە ئیران بەکارهێندراوە.
 
ئەم خەمڵاندنانەی کە رۆژی دووشەممە پێشکێشی کۆنگرێس کراون پرسیاری جیدی لەسەر سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ دروست دەکەن، پێشتر ئیدارەی ئەمریکا نیگەرانیی یاسادانەرانی پشتگوێ دەخست کە دەیانگوت ئۆپەراسیۆنەکەی ئێران خەریکە ئامادەیی و توانای سەربازیی ئەمریکا لاواز دەکات.
 
هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن، چاوەڕوان دەکرێت هەر لەم هەفتەیەدا ئیدارەی ترەمپ داوای بودجەیەکی بەرگریی زیادە لە کۆنگرێس بکات، کە رەنگە بڕەکەی بگاتە دە ملیار دۆلار، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵمەتە سەربازییەکەی بەردەوام بێت.
 
لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆستدا سەبارەت بە دۆخی کوگاکانی چەک، سییەن باڕڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەینداراوێکدا  ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی جەنگ، "هەموو ئەو پێداویستییانەی لە بەردەستە کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک کە سەرۆک دیاری دەکات و لە چوارچێوەی هەر خشتەیەکی کاتیدا بێت."
 
لە راپۆرتێکی دیکەی هەمان رۆژنامەدا بڵاو کراوەتەوە کە سوپا لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە لە رۆژی 28ی شوبات، سەتان جۆر مووشەکی بۆ خستنە خوارەوەی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بەکارهێناوە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، پێنتاگۆن هەوڵدەدات شێوازی هێرشەکانی بگۆڕێت، پێت هێگسێس وەزیری جەنگ و جەنەڕاڵ دان کەین سەرۆکی سوپای ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە شێوازی هێرشەکان گۆڕانکاری تێدا کراوە و چیدی پشت بە سستەمی بەرگری ئاسمانی نابەستن بەڵکو زیاتر چەکی لێزەری بەکاردێنن، لەبەرئەوەی تێچووی هەر هێرشێک لە چەند ملیۆن دۆلارەوە بۆ کەمتر لە 100 هەزار دۆلار کەمدەکاتەوە.
 
ماک کانسیان، شارەزا لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەڵەتی دەڵێت، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، تێچووی هەر هێرشێک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
 
هەندێک جار تێچووی هەر هێرشێک لە ملیۆنان دۆلارەوە بۆ کەمتر لە 100 هەزار دۆلار دادەبەزێت.
 
بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران، ئەمریکا ناچار بووە بەشێک لە سیستەمە بەرگرییە هەرە پێشکەوتووەکانی وەک (THAAD) و (Patriot) لە کۆریای باشوور و ناوچە ئاوییەکانی دیکەوە  بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگوازێتەوە، شارەزایان دەڵێن ئەم کارە مەترسی بۆ سەر پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، بەتایبەت لە بەرانبەر چین و رووسیا، دروست دەکات.
 
لە رووی زیانە مرۆیی و تەکنیکییەکانیشەوە، باس لەوە دەکرێت سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-15)ی ئەمریکی لە کوێت بەهۆی "تەقەی هەڵەی هێزە دۆستەکان" خراونەتە خوارەوە، کە تێچووی هەر فڕۆکەیەکیان نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە، هاوکات زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە رووسیا هاوکاریی هەواڵگریی ئێران دەکات بۆ ئەوەی وردیی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا زیاد بکات.