سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداری لەبارەی سەرهەڵدانی برسێتی لە جیهان دەدات

رووداو دیجیتاڵ

لە واشنتن دی سی، چاوەکان لەسەر هۆشدارییە تووندەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانییە. لە لووتکەی ساڵانەیاندا، پرسی ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک سێبەرێکی مەترسیدار بەسەر ئابووری جیهانەوە دەبینرێت.
 
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: "ئابوورییەکی جیهانیی خۆڕاگر، ئێستا و لە دوای جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا دووبارە تاقیدەکرێتەوە. ئەم جەنگە بووەتە هۆی مەینەتییەکی زۆر لە ناوچەکە و لە سەرتاسەری جیهان دا. دڵم لای هەموو ئەو کەسانەیە کە بەهۆی ئەم جەنگە و هەموو جەنگەکانەوە کاریگەرییان لەسەر دروست بووە."
 
داتاکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو وێنەیەکی تاریک نیشان دەدەن؛ تەنیا لە ماوەیەکی کەمدا، جەنگ و گرژییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی هەناردەی نەوت بە تێکڕای 13٪ و هەناردەی گازیش بە 20٪ کەمبکاتەوە. ئەمەش نرخی وزە و خۆراکی لە وڵاتە کەم دەرامەتەکان دا بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزکردووەتەوە. بۆیە سندووقەکە خەریکی ئامادەکردنی پاکێجێکی هاوکارییە کە بڕەکەی لە نێوان 20 بۆ 50 ملیار دۆلاردایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژاری.
 
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: "بە هیوای ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو شوێنێک بین، چونکە جەنگ هەموو ئەو شتانە لەنێودەبات کە ساڵانێکی زۆرە کارمان بۆ کردووە."
 
زیانەکان تەنیا لە کەرتی وزەدا قەتیس نەماون؛ بە گوێرەی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە یەک مانگی جەنگدا، وڵاتانی کەنداو نزیکەی 200 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات، پەککەوتنی گواستنەوەی دەریایی، ئاسایشی خۆراکی 45 ملیۆن کەسی تری لە جیهان دا خستووەتە مەترسییەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا لەژێر هەڕەشەی برسییەتی دان، گەیشتووەتە 345 ملیۆن کەس.