سوپای پاسداران: لە ماوەی ئاگربەستدا هیچ هێرشێکمان نەکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای پاسدارانی ئێران رەتیدەکاتەوە لە سەرەتای ئاگربەستەوە هیچ هێرشێکیان کردبێتە سەر وڵاتانی کەنداو و دەشڵێت، ئەگەر ئەو راپۆرتانەی لەوبارەوە لە میدیاکان بڵاودەکرێنەوە راست بن، ئەوە هێرشەکان کاری ئیسرائیلن.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 10-04-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە کاژێرەکانی رابردوودا، ژمارەیەک لە ئاژانسە هەواڵییەکان چەند راپۆرتێکیان لەبارەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر دامەزراوەکانی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو بڵاوکردووەتەوە.
 
 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند: "لە سەرەتای ئاگربەستەوە  بەهیچ شێوەیەک هیچ هێرشێکمان نەکردووەتە سەر هیچ کامە لەو وڵاتانە.''
 
سوپای پاسداران جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەگەر راپۆرتی ئاژانسە هەواڵییەکان لەوبارەوە راست بن، ئەوە هێرشەکان کاری ئیسرائیل یان ئەمریکان.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو: ''هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر هەر ئامانجێک بپێکن، بەوپەڕی بوێرییەوە لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایدەگەیێنن، هەر کردەوەیەک کە لە راگەیێندراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژەی پێنەکرابێت، ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.
 
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لەکاتێکدایە کە دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی کوێت هێرشێکی درۆنیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بۆ سەر چەند دامەزراوەی ستراتیژیی وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسان واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا تاوەکو لەرێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن.  بڕیارە دانیشتنەکان سبەی شەممە لە ئیسلامئابادی پاکستان دەستپێبکەن.