ئێران پڕۆژەیەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، وردەکاریی پڕۆژەیاسایەکی نوێی وڵاتەکەی بۆ گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز ئاشکرا کرد. بەپێی پڕۆژەکە، کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە بە قازانجی ئێران دەگۆڕێت و باجی تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک تەنیا بە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەبێت.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، شەوی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، پەرلەمان کۆتایی بە کارەکانی ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای "هەنگاوی ستراتیژی بۆ دابینکردنی ئاسایش و پێشکەوتنی بەردەوامی تەنگەی هورمز و کەنداوی فارس" هێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ماوەی 47 ساڵە بە دانبەخۆداگرتن مامەڵەی لەگەڵ تەنگەکەدا کردووە و سوودێکی ئەوتۆی لێ وەرنەگرتووە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بە قازانجی ئەو وڵاتە دەگۆڕێت.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دەدات، کە ئەگەر ئێران ناچار بکرێت هەنگاوی تووند بنێت، تێچووەکەی تەنیا بۆ ناوچەکە نابێت، بەڵکو زۆر وڵاتی جیهان دەگرێتەوە. عەزیزی دەڵێت: "ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی زیاتر لە 10 کۆبوونەوەی چڕە، کە هەندێکیان لە کاتی شەڕ و لەژێر هێرش و بۆردوومانەکانی دوژمندا کراون."
تێپەرینی کەشتییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی دوژمن قەدەخەیە
ئەو بەرپرسەی ئێران زیاتر باسی پرۆژەیاساکەی تایبەت بە تەنگەی هورمز دەکات و دەڵێت، لە ماددەی دووەمی پڕۆژەیاساکەدا، بە راشکاوی هاتووە کە تێپەڕبوونی هەر جۆرە کەشتی و ژێردەریاییەک کە ئاڵا یان بارەکەی سەر بە ئیسرائیل بێت، بە "رەهایی" قەدەخەیە. هەروەها تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەشی کە مەبەست یان سەرچاوەکەیان ئیسرائیلە، رێگرییان لێ دەکرێت.
عەزیزی جەختی کردەوە، وڵاتانی "دوژمن" و ئەو وڵاتانەی هاوکاریی دوژمنانی ئێران دەکەن، مافی تێپەڕبوونیان نابێت. دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە دیاری بکات کام وڵات و لایەن بە "دووژمن و نەیار" هەژمار دەکرێت.
باجی تێپەڕین و قەرەبووی ژینگەیی
پڕۆژەکە حکومەت، وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و فەرمانگەی کاروباری بەندەرەکان پابەند دەکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کەشتیوانی، پشکنین و دەرکردنی مۆڵەت. سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە زیانە ژینگەییەکان لە کەنداو و تەنگەی هورمز دەکات و دەڵێت: "رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لێرەوە تێپەڕ دەبێت، دەبێت زیانە ژینگەییەکان قەرەبوو بکرێنەوە و هەر جۆرە باجیش دەبێت تەنیا بە 'ریاڵ'ی ئێرانی بدرێت.
دەبێ وڵاتان و کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێیەکە بگونجێنن
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران پەیامێکی تووندی ئاراستەی وڵاتانی کەنداوی کرد و رایگەیاند: "ئەوانەی سەرچاوە داراییەکانی ئێرانیان بلۆک کردووە یان لەم شەڕەدا پشتیوانیی دوژمنیان کردووە، دەبێت وەڵامیان هەبێت؛ یەکێک لەو شوێنانەشی کە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، کاتی تێپەڕبوونیانە لە تەنگەی هورمز."
عەزیزی هەروەها داوای لە هەموو وڵاتان و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کرد خۆیان بۆ ئەم یاسا نوێیە ئامادە بکەن و بزانن کە لەمەودوا تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز پێویستی بە مۆڵەتی فەرمیی ئێران و رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی تاران دەبێت. عەزیزی لەوبارەوە دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت بە تەنگەکەدا تێپەڕن، چ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، یان کەشتییە بارهەڵگر و بازرگانییەکان، دەبێت خۆیان بۆ ئەم پرسە ئامادە بکەن، بەتەواوی ئاشنای ئەم یاسایە بن و بەو پێیەش خۆیان بگونجێنن."
لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە تاوتوێ پرۆژەکە کراوە
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاساکە، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەش کۆبوونەتەوە و بۆچوونی پسپۆڕانی وەزارەتی دەرەوە و حکومەتیشیان لەبەرچاو گرتووە.
ئیبراهیم عەزیزی جەختی کردەوە: "هیوادارین ئەم رەشنووسە بە زووترین کات ببێتە یاسا و بۆ هەموو وڵاتان و حکومەتەکان بنێردرێت بۆ جێبەجێکردن. هەروەها لەم پرۆژەیاسایەدا زیانەکانی کۆماری ئیسلامیمان لەبەرچاو گرتووە و گەمارۆکانیشمان لەبەرچاو گرتووە و ئەو وڵاتانەشمان لەبەرچاو گرتووە، کە سزای تاکلایەنەیان لەدژی ئێرانی ئیسلامی سەپاندووە."
بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە مەرجی سەرەکیی جێبەجێکردنی ئاگربەست داناوە. راشیگەیاندووە، هەموو کەشتییەکان، فڕۆکەکان و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران دەمێننەوە، تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت. بەڵام ئێران هەڵوێستێکی جیاوازی هەیە و باس لە کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە و سەپاندنی باج بەسەر کەشتییەکاندا دەکات.