کورد و تورک لە گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دەژین

 
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی گەنجاوا لە ناوچەی شاماتی نێوان مهاباد و میاندواو 120 ماڵی کورد و تورک پێکەوە تێیدا دەژین. ئەو گوندە لەو گوندانەیە بە نموونەی پێکەوەژیان دەناسرێت.
 
کورد و تورک لە گوندی گەنجاوا بە شێوەیەک تێکەڵی یەکدی بوون، کە لێک جیاکردنەوەیان ئاسان نییە. لە کۆنەوە ژن و ژنخوازی لەنێویاندا هەبووە و پەیوەندییەکانیان سنوور، هاوگوندی بوون و دراوسێیەتیی تێپەڕاندووە.
 
دانیشتووانی گوندەکە سەرەڕای جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، بۆنە و رێوڕەسمەکان بە هاوبەشی بەڕێوەدەبەن. کورد تورکی دەزانن و تورک فێری کوردی بوون؛ رێز لە دابونەریتی یەکدیش دەگرن.
 
گەنجاوا یان گەنج ئاباد لە 13 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی میاندواو هەڵکەوتووە. ژمارەی دانیشتووانی 400 کەسە و خەڵکەکەی زیاتر بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.