خامنەیی بۆ نێچیرڤان بارزانی: کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە لە ئێمە نزیکترە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی فەرمیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوەڕۆکی دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و عەلی خامنەیی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە: کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە لە ئێمە نزیکترە."
رۆژی هەینی 10ی ئایاری 2024 ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە تاران بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، "لە دیدارەکەدا رێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لە پەیوەندی و لێکنزیکیی خەڵکی ئێران و کورد کردووەتەوە."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو دیدارەدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە، "پەیوەندیی ئێمە و کۆمەڵگەی کوردی، چ لە ئێران و چ لە عێراق، لەچاو هەموو نەتەوەکانی دیکە پەیوەندییەکی نزیکترە، ئەوان بەشێکن لە ئێمە."
رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "له كۆبوونهوەکەدا جهختمان له ئامادهيى و خواستى عیراق و ههرێمى كوردستان كردهوه بۆ بهرهوپێشبردنى پهيوهندييهكان لهگهڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له ههموو بوارهكاندا."