سادق زیباکەلام نامەیەک لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆککۆماری ئێران دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی سیاسیی ناسراوی ئێران، نامەیەکی کراوە لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بۆ سەرۆککۆماری ئێران دەنێرێت و تێیدا رەخنەیەکی تووند لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەگرێت بەرامبەر بە کورد.
سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای پێشووی زانکۆی تاران لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دروستبوونیەوە، بەردەوام لەلایەن ئێرانەوە گومانیان لەسەر بووە و هەولێر بە بنکەیەک بۆ چالاکیی ئیسرائیل، ئەمریکا و هێزە دژبەرە جوداخوازەکانی ئێران تۆمەتبار کراوە."
لە بەشێکی دیکەی نامەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییەدا هاتووە، "گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل لە دۆخێک کەڵک وەردەگرێت بۆ دزەکردنە نێو خاکی ئێران، ئەوەش مافی هەولێرە لەگەڵ هەموو وڵاتێک پەیوەندیی باشی هەبێت، تەنانەت ئەمریکا، ئەوەش راستییەکە کە هەموو کوردێکی ناڕازیی ئێرانی بۆ پاراستنی گیانی و دووربوون لە سزادران، پەنا بۆ هەولێر دەبات، بەڵام تاوەکو کاتێک ئەو پەنابەرانە هێرشی سەربازییان نەکردووەتە سەر ئێران، بۆچی دەبێ سزا بدرێن؟"
سادق زیباکەلام ئاماژە بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، "بەداخەوە پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام لە رێگەی هێزی سەربازییەوە بووە، تاوەکو دیالۆگ و پێکەوەژیان. کورد لەبری هاوپەیمانی و برایەتی زیاتر هەڕەشەی سەربازییان بینیوە و حکومەتی ئێران پەیوەندیی لەگەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستان باشتر بووە لە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
دەشڵێت، "بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان، نەرویج یان ئەمریکا نییە، بەڵام لەڕووی دیموکراسییەوە لە زۆر وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر جێگەی شانازییە و لە هەولێر نە کەس بە تاوانی دژایەتیی حکومەت زیندانی دەکرێت و نە کەسیش بە تاوانی رۆژنامەڤانی سزا دەدرێت، هاوکات دەیان میدیا و رۆژنامەی ناحکومیی چالاکیشی هەن."
سادق زیبا کەلام لە نامەکەیدا، باسی کێشەکانی کورد لە ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق دەکات و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان کێشەی زۆری هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتییەوە بگرە تاوەکو تووندی تاران، ئەنقەرە و بەغدا کە حەز بە ناوچەیەکی خۆسەریی کوردی ناکەن. ئەگەر ئەزموونی ئەو هەرێمە شکست بێنێت، پرسی کورد بەردەوام هەر دەمێنێت و داواکارییەکانی کورد بە تۆمەتی جوداخوازی وەڵام نادرێتەوە."
دەشڵێت، "سەرکوتکردن، رەنگە کوردەکان بۆ ماوەیەک بێدەنگ بکات، بەڵام زۆری پێناچێت داواکارییەکانیان چرۆ دەکەنەوە."
سادق زیباکەلام، یەک لەو شرۆڤەکارە ناسراوانەی ریفۆرمخوازەکانی ئێرانە کە بەردەوام رەخنە لە سیاسەتی حکومەتی ئەو وڵاتە دەگرێت. ساڵی 2022 لەدوای ناڕەزاییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە کوژرانی ژینا ئەمینی، رەخنەی تووندی لە حکومەتی ئەو وڵاتە گرت و حکومەتیش بڕیاریدا لە پۆستی مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران دووری بخاتەوە.