عەلی خامنەیی: ئەمریکا بە ناردنی چەک بۆ رژێمی زایۆنی لە تاوان بەشدارە
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ئەمریکا و بەریتانیا بە ناردنی چەک و هاوکاری، یارمەتیدەری ''تاوان''ـەکانی ئیسرائیلن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''نابێت گەلانی موسڵمان رێگە بە دوورکەوتنەوەی رای گشتی لە بابەتی فەلەستین، غەززە و تاوانەکانی رژێمی زایۆنی بدەن.''
ئەمڕۆ شەممە 10-05-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا باسی لە سیاسەتی ''دوژمنکارانە''ـی ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیا بەرامبەر خەڵکی غەززە کرد و رایگەیاند، ''گەلانی موسڵمان نابێت رێگە بە بانگەشەی جۆراوجۆر، قسەی بێبنەما و دوورکەوتنەوەی رای گشتی لە پرسی فەلەستین، غەززە و تاوانەکانی رژێمی زایۆنی بدەن.''
عەلی خامنەیی ''بەرەنگاربوونەوەی" ئیسرائیل و پاڵپشتیکارانی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە پێویست زانی و گوتی، ئەمریکییەکان بە تەواوی "پاڵپشتی لە تاوانەکانی رژێمی زایۆنی دەکەن.''
بەگوتەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ''ئەوان [ئەمریکا و بەریتانیا] لەبری رێگریکردن لە تاوان، کوشتن و جینۆساید، لە رێگەی ناردنی چەک و هاوکارییەوە یارمەتیدەری تاوانکارن و بەهێزی دەکەن.''
عەلی خامنەیی پێی وایە فەلەستین و غەززە بەسەر ''داگیرکارانی زایۆنی''ـدا سەردەکەون و ''ئەو جووڵەیەی لە سووریاش هەیانە، دەرخەری هێز نییە، بەڵکو نیشانەی لاوازییە و دەبێتەهۆی لاوازبوونی زیاتریشیان لە داهاتوودا.''
قسەکانی خامنەیی لەکاتێکدان، سێ گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەڕێوەچووە و بڕیارە سبەی گەڕی چوارەمیش لە مەسقەتی عومان بەڕێوەبچێت.