پارێزگاری ئیلام: 1.8 ملیۆن زیارەتکار بە دەروازەی مێهراندا تێپەڕیون

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری ئیلام دەڵێت، لە سەرەتای مانگی سەفەرەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازەی سنووریی مێهران دا تێپەڕیون؛ بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێرانیش دەڵێت، یەک لەسەر سێی زیارەتکاران گەڕاونەتەوە وڵاتەکە.
 
شەوی شەممە 09-08-2025، ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی سەفەرەوە (26ـی تەممووز) تاوەکو ئێستا، یەک ملیۆن و 813 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازەی سنووری مێهرانی سەر بە پارێزگاکەدا هاتووچۆیان کردووە.
 
ئەحمەد کەرەمی ئاماژەی بەوە کرد، لە 72 کاژێری رابردوودا، ژمارەی هاتووچۆی زیارەتکاران بە دەروازە سنوورییەکەدا، گەیشتووەتە 730 هەزار کەس و رۆژانەش ژمارەکە زیاد دەکات.
 
هاوکات ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران کە سەردانی دەروازەوی سنووریی مێهرانی کربوو، رایگەیاند: ''گەڕانەوەی زیارەتکاران بۆ وڵات دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک لەسەر سێی زیارەتکاران گەڕاونەتەوە.''
 
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێ و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب.
 
لە هەموو پارێزگا سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەروازەوی سنووریی تایبەت دەستنیشانکراون بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە کە گرنگترینیان دەروازەی سنووریی مێهرانە. 
 
دەروازەی سنووریی مێهران بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی زڕباتیەیە کە بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکاری ئێرانی و بیانی هاتووچۆی پێدا دەکەن.