پزیشکیان: دوو رێگەمان لەبەردەمە؛ گفتوگۆ یان شەڕ

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا دوو رێگەیان لە بەردەمدایە، شەڕ یان گفتوگۆ. جەخت لەوەش دەکاتەوە، حکومەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دۆسیە هەستیارەکاندا بەبێ رەزامەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کارێک ناکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیاکاری وڵاتەکە رایگەیاند، بەپێی رێنماییە ئایینییەکانیان نابێ دەستی ئاشتی رەتبکەنەوە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن دوژمنەکانیشیانەوە بێت. دەشڵێت، گفتوگۆ بە واتای خۆبەدەستەوەدان نییە و ئێستا دوو بژاردەیان هەیە؛ گفتوگۆ یان شەڕ.
 
پزیشکیان گوتی: "ئاشتییەک کە دوژمن بانگهێشتت دەکات بۆ ئەنجامدانی، نابێ رەتی بکەیەوە. کەس نەیگوتووە کاتێک دەچم گفتوگۆ دەکەم، خۆم بەدەستەوە دەدەم. ئێمە قەت خۆ بەدەستەوە نادەین. کێ گوتوویەتی بترسە لە قسە کردن؟ دەڵێ، قسە ناکەم، گفتوگۆ ناکەم، ئەدی دەتەوێ چ بکەی؟ دەتەوێ شەڕ بکەی؟"
 
سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە رایگەیاند، هیچ رێگەیەکی دیکەیان لە بەردەمدا نییە و ئەگەر دووبارە دەست بە دروستکردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکانیان بکەنەوە، دیسان لێیان دەدرێتەوە.
 
مەسعود پزیشکیان دەڵێت: "دووبارە دروستی بکەینەوە، دیسان دێ و لێی دەداتەوە. یەکێک پێم بڵێت، ئێمە چ بکەین؟ ئەوانە شتێک نین بمانەوێ بە هەست بڕیاریان لەبارەوە بدەین."
 
پزیشکیان جەخت لەوەش دەکاتەوە، بە بێ رەزامەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کارێک ناکەن، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی بۆچوونی خۆشی بێت. "هەر هەنگاوێک بە رەزامەندی و هەماهەنگی رێبەر دەنرێت. لە روانگەی زانستی و ئایدۆلۆژییەوە پێموایە هەر شتێک پێچەوانەی بۆچوونی رێبەر بێت نابێت بکرێت، منیش شتی وا ناکەم."
 
لە میانەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، رۆژی 21ی حوزەیرانی 2025 سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لە لایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران.
 
بەر لە جەنگەکە، لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووبوون. 
 
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و توانای ئەو وڵاتەی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی لەنێوبردووە و پێویستە تاران بە بێ مەرج بگەڕێتەوە دانوستاندنەکان.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لانیکەم لە دوو هەفتەی دواییدا چەندین جار هۆشداری داوەتە ئێران کە ئەگەر بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دووبارە هیڕشی دەکاتە سەر.