خەڵکی تاران گلەیی لە کەمیی کارەبا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی تارانی پایتەختی ئێران لە کەمبوونەوەی کارەبا بێزارن و دەڵێن، راپەڕاندنی زۆربەی کارەکانیان پێویستی بە کارەبایە.
محەممەد کار ئەندیش، هاووڵاتییەکی ئێرانە و دەڵێت، "زۆرینەی خەڵک بەم دۆخە ناڕازین. ئەم پچڕانەی کارەبا تەنیا زیان بە کەلوپەلی نێو ماڵ ناگەیەنێ، بەڵکو زیانی بە کەرتە جیاوازەکانیشی گەیاندووە."
بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن، بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە، پێویستە خەڵک یارمەتیدەر بن و دەست بە بەکارهێنانی ئەو وزەیەوە بگرن.
چەند مانگێکە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە رۆژانە چوار کاژێر کارەبا ببڕێ.
مێهدیە عیدی، دانیشتووی تارانە و ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەت چەند رێگەچارەیەکی پێشنیازکردووە، بەتایبەتی سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر. من لەم بوارەدا کاردەکەم، هیوادارم ئەو هەوڵانە خێراتر بکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی پچڕانی کارەبا."
ئێران لە ساڵی 2024دا لە هەر کاژێرێکدا401 تێراوات کارەبای بەرهەمهێناوە و لەنێو وڵاتانی جیهان لە پلەی 12ـەم بووە لە رووی بەرهەمهێنانی کارەباوە.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و پێداویستییەکان، ئەم بڕە چیدیکە پێویستییەکانی وڵاتەکە پڕ ناکاتەوە.
شەهریار شیبانی، فرۆشگەی هەیە لە تاران و دەڵێت، "چەند مانگێکە پچڕانی کارەبا ژیانی خەڵک تێکدەدات. من مارکێتێک بەڕێوەدەبەم و دەبینم بڕینی کارەبا کاریگەری لە سەر ئامێری کارت هەیە و وادەکات ئیدی کارنەکات؛ هەروەها هەندێک بەرهەم تێکدەچن"
ئێران پێویستی بە نزیکەی 80 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام بەپێی ئاماری حکومەتی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 16 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە.