تەندروستیی ئێران: پار نزیکەی 59 هەزار کەس بە پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، پار 58 هەزار و 975 کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.

عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئامارێکی نوێی لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بڵاوکردەوە.
 
عەلیڕەزا رەئیسی رایگەیاند: "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار 58 هەزار و 975 گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی هەوا لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمارکراون."
 
رەئیسی گوتی: "بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ساڵی رابردوو، لە رۆژێکدا تێکڕا 161 کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە، بەو پێیەش لە هەر کاژێرێکدا 6.7 کەس لە ئێران بەهۆی تەنۆلکە پیسەکانی هەوا گیانیان لەدەستداوە."
 
عەلیرەزا رەئیسی ئاماژە بە زیانە ئابوورییەکانی پیسبوونی هەوا لە ئێران دەکات: "زیانە ئابوورییەکان تەنیا لە ساڵی رابردوودا بە نزیکەی 17.2 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێ. ئەم زیانە یەکسانە بە 47 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا."
 
بە گوتەی جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، ناوەندی سەلامەتیی ژینگە و شوێنی کاری سەر بە وەزارەتی تەندروستی، ساڵانە خەمڵاندنی تێچووی راستەوخۆی پیسبوونی هەوا لەڕووی نەخۆشی و مردنەوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای هەوای پاکدا بڵاودەکاتەوە و لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڕی تەنۆلکە پیسەکانی هەوا و ئەو شارانەی زۆرترین هەوای پیسیان هەبووە، دەدرێ.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پار لە ئەهواز 362 رۆژ، لە ئەراک 351 رۆژ، لە تاران 350 رۆژ، لە ئیسفەهان 348 رۆژ، لە کەرەج 345 رۆژ، لە مەشهەد 335 رۆژ، لە کرماشان 268 رۆژ هەوا پیسبووە و پیسبوونی هەوا لەو شارانە لە ئاستی پێوەرەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەرزتر بووە.
 
بەپێی هەمان راپۆرت، شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری رەشت لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران، لەنێو شارەکانی ئێراندا پاکترین هەوایان هەبووە.
 
هاوکات دکتۆر یەدوڵڵا سوهرابی، ئەندامی کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران رایگەیاند، پیسبوونی هەوا لە وڵاتەکە بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و چەندین لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان جێهێشتووە، بەتایبەت زۆر بەکارهێنانی دەرمان و زیادبوونی نەخۆشییەکان.
 
یەدوڵڵا سوهرابی ئاماژە بە توێژینەوەیەکی نێوخۆیی وڵاتەکە دەکات و دەڵێت: ''رێژەی پیسبوونی هەوا لە ئێران لە دۆخی مەترسیداردایە و هەر ئەمەش وایکردووە، بەکارهێنانی دەرمانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ 30٪ بۆ 50٪ زیاد بێ''.