ساڵانە 500 هەزار کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی رژێنەکان و زیندەچالاکیی ئێران رایگەیاند، ساڵانە 500 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2025، باقر لاریجانی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی رژێنەکان و زیندەچالاکیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لە تاران بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی نەخۆشیی شەکرە لە ئێران رایگەیاند، 14%ـی دانیشتووانی ئێران، ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 25 ساڵە، نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە، 30٪ی نەخۆشەکان بێ ئاگان لەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.
باقر لاریجانی گوتی: "ئێستا ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە لە ئێران حەوت ملیۆن و 500 هەزار کەسە. ساڵانەش 500 هەزار کەسی دیکە تووشی نەخۆشییەکە دەبن. هەروەها نزیکەی 9 ملیۆن کەسیش لە قۆناخی بەر لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەدان."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی رژێنەکان و زیندەچالاکیی ئێران، هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە قەڵەوییە لە تەمەنی پیریدا. هەروەها نەبوونی خۆراکی تەندروست و کەمخواردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و ماسی و زۆر بەکارهێنانی رۆنی رەق، لە هۆکارەکانی دیکەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەن لە ئێراندا.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەو وڵاتە لە هەر شەش کەس، کەسێک نەخۆشیی شەکرەی هەیە، لە کاتێکدا لە جیهان لە هەر 9 کەس کەسێک ئەو نەخۆشییەی هەیە.