نوێنەری جووەکان لە پەرلەمانی ئێران: چەندین جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگ کراوم
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووەکان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ، بەهۆی کۆمێنتی ژمارەیەک لە هاووڵاتییە جووەکانی ئێرانەوە لە دوو هەفتەی رابردوودا چەندین جار لە لایەن دەزگە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراوە و داوای روونکردنەوەی لێکراوە.
هومایون سامەیح نەجەفئابادی، نوێنەری جووەکان لە پەرلەمانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک کە رێککەوتی 6ی کانوونی یەکەمی 2025 لەسەرە، هۆشداری دەداتە جووەکانی ئێران کە خۆیان لە میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیل بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی تووشی کێشەی یاسایی نەبن و لە لایەن دەزگە ئەمنییەکانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرێت.
هومایون سامەیح نەجەفئابادی دەڵێت، "بەداخەوە لەم دوو هەفتەیەی دواییدا بەهۆی نووسینی کۆمێنت و لایککردنی ژمارەیەک بابەتی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ژمارەیەک لە هاوئایینەکانم کە بوونەتە هۆی هەڵەتێگەیشتنی دەزگە هەواڵگرییەکانی وڵات، لە لایەن ئەو دامودەزگەیانەوە بانگ کرام و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوئایینەکانم چەندین دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار کرا و روونکردنەوەی پێویستم دا، بۆیە لە ئەنجامدا هیچ کێشەیەک بۆ ئەو کەسانە سەریهەڵنەدا."
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە جووەکانی نێشتەجێی ئێران دەکات، چاودێری کەناڵە میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ئیسرائیل نەکەن، هەروەها دەستبەجێ هەر پۆست یان کۆمێنتێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بسڕنەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە هەستیار بن یان لە لەیان دەزگە ئەمنییەکانەوە لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ بکرێ.
هومایون سامەیح نەجەفئابادی دەڵێ، لە ئەگەری بەردەوامبوونی جووەکانی دانیشتووی ئێران لە چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ئیسرائیل، کێشەی یاساییان بۆ دێتە پێش و چارەسەرکردنی لە داهاتوودا زۆر قورس دەبێت.
چەندین ساڵە هیچ ئامارێکی فەرمیی لەبارەی ژمارەی جووەکانی ئێران بڵاونەکراوەتەوە، بەوهۆیەوە ژمارەی راستەقینەی جووەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە نازانرێ، بەڵام ساڵی 2017 هومایون سامەیح نەجەفئابادی، کە ئەو کات سەرۆکی ئەنجوومەنی جووەکانی تاران بوو، ژمارەی جووەکانی ئێران بە نزیکەی 15 هەزار کەس خەمڵاند.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەر لە شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ی ئێران، ژمارەی جووەکان لەو وڵاتە زیاتر لە 65 هەزار کەس بوو.