سوپای پاسداران: سیخوڕێکی مۆسادمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەستگیرکردنی ''سیخوڕ''ێکی ئیسرائیلی راگەیاند و دەڵێت، بیانییە و لە رێگەی مۆسادەوە هێندراوەتە ئێران.
شەوی شەممە 10-01-2026 ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، بەبێ ئاماژەدان بە هیچ شوێنێک تێیدا هاتووە، ئاگادار کراونەتەوە کەسێکی بیانی ''ئامانجدار و بە نهێنی'' لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) نێردراوەتە ئێران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بیانییەکە لەکاتی کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاڵۆزی و خۆپێشاندانە ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکە، ''بەر لە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی،'' دەستبەسەر کراوە.
رێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران ناوی دەستگیرکراوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پشکنینی کەلوپەلەکانی و شوێنی مانەوەی، ''بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگر''ی سیخوڕییان دۆزیوەتەوە.
راگەیێندراوەکەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بۆ زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران تەشەنەی سەند.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ شەممە، لانیکەم کوژرانی 116 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە و 2638 کەسیش دەستگیر کراون.
هەرچەندە بەرپرسانی ئێرانیش رەتی ناکەنەوە تەقە لە بەشێک لە خۆپێشاندەران کراوە، کە ئەوان بە ''ئاژاوەگێڕ'' ناویان دەبەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە وردی ژمارەی کوژراوانیان رانەگەیاندووە.