رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران 500 کەسی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی مافی مرۆڤ رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی ئێران بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس. حکومەتی ئێرانیش کوژرانی 111 ئەندامی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە. سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستوەردان دەکات و تارانیش دەڵێ: "ئەگەر دەستوەردان بکات، بنکە و بارەگاکانیان لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج."
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە.
ئێستا لە نزیکەی 180 شار و شارۆچکە، رۆژانە خۆپیشاندان دەکرێت کە لە 31 پارێزگا، 28یانی گرتووەتەوە.
" 490 کەس کوژراون و 10600 کەس دەستگیرکراون "
بەپێی دوایین ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە و زانیارییەکانی لە چالاکڤانانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران وەرگرتووە، کوژرانی 490 خۆپێشاندەر و 48 کارمەندی ئەمنیی پشتڕاستکردووەتەوە، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەس لە ماوەی دوو هەفتەی ئاڵۆزییەکاندا دەستگیرکراون."
بەڵام حکومەتی ئێران بۆ یەکەمجار ئاماری کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانی لە خۆپێشاندانەکاندا راگەیاند و گوتی، 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 18ـیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
میدیای فەرمیی ئێران لە راپۆرتێکدا وردەکاریی کوژرانی هێزە ئەمنییەکانی لە ناڕەزایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، جگە لە پارێزگای سنە، لە چوار پارێزگاکەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان کوژراویان هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکە، دابەشبوونی کوژراوانی هێزە ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیەیە:
کرماشان: 8 کوژراو.
لوڕستان: 5 کوژراو.
ئیلام: 4 کوژراو.
ورمێ: 1 کوژراو.
گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندان بۆ تووندوتیژی و بڕینی ئینتەرنێت
خۆپێشاندانەکان لە 28ی کانوونی یەکەمەوە دژی گرانی دەستیان پێکرد، بەڵام دواتر ئاڕاستەکەیان گۆڕا بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵی 1979وە حوکم دەکەن. دەسەڵاتدارانی تاران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاژاوەنانەوە لەنێوخۆی وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن.
زیاتر لە 60 کاژێرە ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران بڕاوە، بەم هۆیە، گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری ئەستەم بووە. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەرێکی زۆر لە تاران و مەشهەد دەبینرێن کە درووشم دەڵێنەوە و لە شەقامەکاندا ئاگر دەکەنەوە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران وێنەی چەندین تەرمی لە دادپزیشکیی تاران نیشان دا و رایگەیاند، ئەوانە قوربانی دەستی "چەکدارە تیرۆریستەکانن".
"ئەوانەی مزگەوت و بازاڕ دەسووتێنن تیرۆریستن و لە دەرەوە راهێنراون"
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی توونددا بەشێک لە خۆپێشاندەرانی بە "تیرۆریستی راهێنراو" وەسف کرد و هۆشداری دایە خێزانەکان رێگە نەدەن گەنجەکانیان ببنە بەشێک لەو "ئاژاوەگێڕییە"ی کە دوژمنانی دەرەکی ئاراستەی دەکەن.
مەسعود پزیشکیان، لە هەڤپەیڤینێکدا تیشکی خستە سەر خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، حکومەت ئامادەیە گوێ لە نیگەرانییەکانی خەڵک بگرێت، بەڵام جیاکاری لەنێوان "خەڵکی ناڕازی" و "ئاژاوەگێڕان" دەکات.
پزیشکیان بە تووندی هێرشی کردە سەر بەشێک لە خۆپێشاندەران و گوتی: "ئەوانەی مزگەوت و بازاڕ دەسووتێنن، هی ئەم وڵاتە نین؛ بەڵکو تیرۆریستن و لە دەرەوە راهێنراون و بە ئامانج زیان بە شوێنە گشتییەکان و موڵکی خەڵک دەگەیێنن."
سەرۆککۆماری ئێران هاوشێوەی بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی، پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی: "نابێت خێزانەکان رێگە بدەن گەنجەکانیان ببنە بەشێک لەو ئاژاوەگێڕییەی کە لەلایەن دوژمنانی دەرەکییەوە ئاراستە دەکرێت."
ترەمپ بڕیار دەدات؛ یەکێکیان بژاردەی سەربازییە
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە بەرپرسانی ئەمریکا ترەمپ لە چەند بژاردەیەک ئاگادار بکەنەوە سەبارەت بە ئێران، لەوانە هێرشی سەربازی، بەکارهێنانی چەکی ئەلیکترۆنی نهێنی، فراوانکردنی سزاکان و گەیاندنی هاوکاری ئینتەرنێت بە نەیارانی حکومەت.
بەڵام ئێران بێدەنگ نەبوو لە بەرامبەر ئەم هەواڵانە. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە کاتێکدا خۆپێشاندان لە وڵاتەکە بەردەوامە، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر تاران، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانیان دەکەنە ئامانج.
محەممەد باقر قالیباف، لە دانیشتنی پەرلەماندا گوتی، "لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکادا، زەوییە داگیرکراوەکان" کە مەبەست لێی ئیسرائیلە و "بنکەکانی سوپای ئەمریکا و کەشتیوانی، دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە."
لەنێو پەرلەماندا ئەندامان درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"یان دەگوتەوە و باسیان لەوە دەکرد، تەنانەت رەنگە "پێشوەختە" هێرش بکەن ئەگەر هەست بە مەترسی بکەن.
ئیسرائیل خۆی ئامادە کردووە
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، وڵاتەکەیان لە حاڵەتی ئامادەیی ئاست بەرزدایە بۆ هەر ئەگەرێکی دەستوەردانی ئەمریکا. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئیسرائیل و ئێران لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا شەڕێکی 12 رۆژەیان کردووە، کە تێیدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و تارانیش بە مووشەک وەڵامی ئیسرائیل و بنکەیەکی ئەمریکای لە قەتەر دایەوە.
نەتەنیاهوو باسی پەیوەندی ئیسرائیل و ئێران دەکات "دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی"
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکیدا سەبارەت بە داهاتووی ئێران لە کۆبوونەوەی حکومەتی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، "هیوادارم گەلی ئێران بەمزووانە لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکاری رزگاریان بێت و وڵاتەکەیان ئازاد بێت".
ماوەی دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان 180 شاری ئێرانی گرتووەتەوە. هەرچەندە سەرەتا ناڕەزاییەکان بۆ گرانی و خراپیی بژێوی بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک شوێن درووشمەکان گۆڕاون بۆ رووخانی دەسەڵات و حکومەتیش زیاتر لە 60 کاژێرە هێڵی ئینتەرنێتی بڕیوە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانی سیاسی لە ئێران دەبێتە وەرچەرخانێکی گەورە و گوتی: "کاتێک رژێمی ئێستا دەڕووخێت، ئیسرائیل و ئێران جارێکی دیکە دەبنەوە بە هاوبەشی یەکدی". جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری دروستکردنی پەیوەندییەکی بنچینەییە لەگەڵ ئێران بۆ گەشەپێدان و چەسپاندنی ئاشتی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نەتەنیاهوو پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەربڕی و رایگەیاند: "هیوای ئازایی و بەهێزی بۆ هاووڵاتییانی ئێران دەخوازین لە خۆپێشاندانەکانیاندا."
پزیشکیان: دراو جێگیر دەکەینەوە
هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان داڕمانی مێژوویی بەهای تمەنە، کە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە زیاتر لە 1.4 ملیۆن تمەن (140 هەزار تمەنی کۆن).
سزاکانی ئەمریکا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی وڵاتەکە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، ئەرکی ئەوانە سامانی وڵات بە یەکسانی و بە دادپەروەری بەسەر هەموو پێکهاتە و نەتەوەکاندا دابەش بکەن، بەبێ گوێدانە جیاوازیی حیزبی، زمان یان رەگەز.
سەرەڕای داڕمانی بەهای تمەن، سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە کە "پێکهاتەیەکی گونجاو"یان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دروست کردووە.