سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات، بنکە و کەشتییەکانی دەکەینە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە کاتێکدا خۆپێشاندان لە وڵاتەکە بەردەوامە، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر تاران، ئەوا ئەوان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانیان دەکەنە ئامانج.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی پەرلەماندا گوتی، "لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکادا، زەوییە داگیرکراوەکان" کە مەبەست لێی ئیسرائیلە و "بنکەکانی سوپای ئەمریکا و کەشتیوانی، دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە."

لەنێو پەرلەماندا ئەندامان درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"یان دەگوتەوە و باسیان لەوە دەکرد، تەنانەت رەنگە "پێشوەختە" هێرش بکەن ئەگەر هەست بە مەترسی بکەن.

بۆچی دۆخەکە ئاڵۆز بووە؟

• ماوەی دوو هەفتەیە خەڵکی ئێران لە 180 شار رژاونەتە سەر شەقام.
• سەرەتا بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی ئابووری دەستیپێکرد.
• ئێستا دروشمەکان گۆڕاون بۆ رووخانی دەسەڵات.
• زیاتر لە 60 کاژێرە حکومەت ئینتەرنێتی بڕیوە.

کوژراو و دەستگیرکراوان

بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ:

• لانیکەم 116 کەس بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
• زیاتر لە 2600 کەس دەستگیر کراون.
• حکومەت خۆپێشاندەران بە "ئاژاوەگێڕ" و سیخوڕی دەرەکی تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی سزای سێدارەیان لێ دەکات.

ئەمریکا و ترەمپ چی دەکەن؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوان بەچڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەن. هەروەها هۆشداری داوەتە ئێران کە نابێت خۆپێشاندەران بکوژێت و گوتوویەتی "ئەمریکا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان".

میدیای ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ و راوێژکارەکانی تاوتوێی پلانی هێرشی ئاسمانییان کردووە بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ئێران، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی بۆ جەنگ نەدراوە.