حکومەتی ئێران دەڵێت 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران بۆ یەکەم جار ئاماری کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانی لە خۆپێشاندانەکاندا راگەیاند و دەڵێت، 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 18ـیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
 
میدیای فەرمیی ئێران لە راپۆرتێکدا وردەکاریی کوژرانی هێزە ئەمنییەکانی لە ناڕەزایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، جگە لە پارێزگای سنە، لە چوار پارێزگاکەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان کوژراویان هەیە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، دابەشبوونی کوژراوانی هێزە ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیەیە:
 
کرماشان: 8 کوژراو.
 
لوڕستان: 5 کوژراو.
 
ئیلام: 4 کوژراو.
 
ورمێ: 1 کوژراو.
 
لەسەر ئاستی ئێران، پارێزگای ئەسفەهان بە 30 کوژراو زۆرترین ژمارەی تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا ئاماری کوژراوانی هێزەکان لە تارانی پایتەخت رانەگەیێندراوە. ئەو هێزانەشی زیانی گیانییان بەرکەوتووە پێکهاتوون لە (یەکە تایبەتەکان، فەراجا، سوپای پاسداران و بەسیج).
 
بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە لەلایەن حکومەتەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە 116 خۆپێشاندەر کوژراون، کە 7ـیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵە و 4ـیشیان کارمەندی کەرتی تەندروستین.
 
ماوەی 15 رۆژە خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی دەستیانپێکردووە. بەرپرسانی ئێران خۆپێشاندەران بە "نۆکەری ئەمریکا و ئیسرائیل" تۆمەتبار دەکەن، لە بەرامبەردا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە خەڵک بەهۆی ئەوەی "دەرفەتی ژیانیان نەماوە" هاتوونەتە سەر شەقام.