پزیشکیان: ئەوانەی مزگەوت و بازاڕ دەسووتێنن تیرۆریستن و لە دەرەوە راهێنراون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی توونددا بەشێک لە خۆپێشاندەران بە "تیرۆریستی راهێنراو" ناودەبات و هۆشداری دەداتە خێزانەکان رێگە نەدەن گەنجەکانیان ببنە بەشێک لەو "ئاژاوەگێڕییە"ی کە دوژمنانی دەرەکی ئاراستەی دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا تیشکی خستە سەر خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، حکومەت ئامادەیە گوێ لە نیگەرانییەکانی خەڵک بگرێت، بەڵام جیاکاری لەنێوان "خەڵکی ناڕازی" و "ئاژاوەگێڕان" دەکات.
 
پزیشکیان بە تووندی هێرشی کردە سەر بەشێک لە خۆپێشاندەران و گوتی: "ئەوانەی مزگەوت و بازاڕ دەسووتێنن، هی ئەم وڵاتە نین؛ بەڵکو تیرۆریستن و لە دەرەوە راهێنراون و بە ئامانج زیان بە شوێنە گشتییەکان و موڵکی خەڵک دەگەیێنن."
 
سەرۆککۆماری ئێران هاوشێوەی بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی، پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی: "نابێت خێزانەکان رێگە بدەن گەنجەکانیان ببنە بەشێک لەو ئاژاوەگێڕییەی کە لەلایەن دوژمنانی دەرەکییەوە ئاراستە دەکرێت."
 
سەبارەت بە داواکاریی کاسبکارانیش، پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدەدەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و داوای لێکردن بە ئارامی ناڕەزایی دەرببڕن: "ناڕەزایی دەرببڕە. دەبێت گوێ لە ناڕەزاییەکانی تۆ بگرین. پێکەوە دابنیشین و دەست بدەینە دەستی یەکدی و چارەسەری بکەین."
 
لێدوانەکانی پزیشکیان لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە و هەڕەشەی هێرشی سەربازیی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، "ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت."
 
ماوەی دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان 180 شاری ئێرانی گرتووەتەوە. هەرچەندە سەرەتا ناڕەزاییەکان بۆ گرانی و خراپیی بژێوی بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک شوێن دروشمەکان گۆڕاون بۆ رووخانی دەسەڵات و حکومەتیش زیاتر لە 60 کاژێرە هێڵی ئینتەرنێتی بڕیوە.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، 111 ئەندامی هێزە ئەمنیییەکان لە رووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون، هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کوژرانی 116 خۆپێشاندەریان پشتڕاست کردووەتەوە.