لاریجانی بۆ دەسەڵاتی داد: ئاژاوەگێڕان بە تووندی سزا بدەن

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی دەکات "بە تووندترین شێوە" سزای ئەو کەسانە بدات کە بە "ئاژاوەگێڕ" ناویان دەبات، لە بەرامبەردا داواکاری گشتیی ئێران هەموو خۆپێشاندەران بە "دووژمنی خودا" دەناسێنێت.
 
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "هەروەک رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی پێداوە، بوونی ناڕەزایەتی لە نێوخۆی وڵات لە هەمبەر گرانی و دۆخی دژواری بژێوی رەوایە، بەڵام دەبێت ناڕازی و ئاژاوەگێڕ لێک جیابکرێنەوە و ئێمە رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان دەبینەوە."
 
لاریجانی بانگەشەی ئەوەی کرد کە "ئاژاوەگێڕان" خۆیان خزاندووەتە نێو خۆپێشاندانەکان و بە پلان خەڵک دەکوژن و دەسووتێنن. ئەو گوتی: "ئەم کردەوانەیان زۆر لە کردەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش دەچێت و بەهۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ئاسایی بوونەتە قوربانی."
 
پێچەوانەی قسەکانی لاریجانی بۆ جیاکردنەوەی ناڕازی و ئاژاوەگێڕ، داواکاری گشتیی ئێران رۆژی شەممە 10-01-2026 هەڵوێستێکی تووندتری نیشاندا و گوتی: "لە روانگەی ئێمەوە ئەوانەی هاتوونەتە سەر شەقامەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە، هەموویان دژی دەسەڵاتی ئیسلامی هەستاونەتەوە و موحاربن (دژی خوا شەڕ دەکەن) و سزایان سێدارەیە."
 
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئێران لە 14یەمین رۆژی ناڕەزاییەکاندا، لە راگەیێندراوێکی توونددا ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەپشت ئاڵۆزییەکانن و هۆشداری دا: "بە تووندی رووبەڕووی هەر پیلانێک دەبینەوە."
 
سەبارەت بە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا رۆژی شەممە رایگەیاند، ئاگاداری دۆخەکەن و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی هێرشدەکەنە سەر خۆپێشاندەران "پێویستە سوپای پاسداران و هەر هێرشکارێکی دیکە بخەینە لیستی تیرۆرەوە."
 
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە.