پزیشکیان: سامانی وڵات بە دادپەروەری دابەش دەکەین و دراو جێگیر دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، ئەرکی حکومەتە سامانی وڵات بە دادپەروەری دابەش بکەن؛ دەشڵێ، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابووری پێکهاتەیەکی گونجاویان دروستکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 11-01-2026، پزیشکیان رایگەیاند، ئەرکی ئەوانە سامانی وڵات بە یەکسانی و بە دادپەروەری بەسەر هەموو پێکهاتە و نەتەوەکاندا دابەش بکەن، بەبێ گوێدانە جیاوازیی حیزبی، زمان یان رەگەز. سەرەڕای داڕمانی بەهای تمەن، سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە کە "پێکهاتەیەکی گونجاو"یان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دروست کردووە.
 
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە لە 28ـی کانوونی یەکەمی رابردووەوە خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ئێران دەستیپێکردووە. هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان داڕمانی مێژوویی بەهای تمەنە، کە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە زیاتر لە 1.4 ملیۆن تمەن (140 هەزار تمەنی کۆن). سزاکانی ئەمریکا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی وڵاتەکە.
 
خۆپێشاندانەکان کە لە سەرەتادا بۆ داواکاریی ئابووری بوون، پەرەیان سەند بۆ دروشمی سیاسی دژی کۆماری ئیسلامی. چالاکڤانان باس لەوە دەکەن، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 116 کەس کوژراون و 2,600 کەسیش دەستگیر کراون. بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی، زانینی وردەکاریی دۆخی ناوخۆی ئێران بۆ میدیا بیانییەکان سەخت بووە.