عەلی لاریجانی: ئەمریکا دەیەوێ دانوستاندنەکان بگەنە ئەنجام
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، ئەمریکا دەیەوێ دانوستاندنەکان بگەنە ئەنجام. ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات بواری دیکەش بگرێتەوە.
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دوای سەردانەکەی بۆ عومان و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکای لە مەسقەتی عومان کرد و رایگەیاند، "دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا تاڕادەیەک باش بەڕێوەچوون و وا دەردەکەوێ ئەوانیش دەیانەوێت دانوستاندنەکان بگەنە ئەنجام و بەرەو چارەسەری هەنگاو بنێن."
لاریجانی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا تەنیا کۆبوونەوەیەک کراوە و هێشتا ناتوانین بڕیارێکی تەواو لەبارەی پرۆسەکە بدەین، بۆیە دەبێت بەردەوام بین و درێژە بە دانوستاندنەکان بدەین، بۆ ئەوەی بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەوە بەوە دەکات، لە ئەگەری سەرکەوتووبوونی گفتوگۆکان، دەکرێ دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بواری دیکەش بگرێتەوە. عەلی لاریجانی لەوبارەیەوە گوتی، "ئەگەر دانوستاندنەکانی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتوو بن، دەکرێ فراوان بکرێن و درێژبکرێنەوە بۆ بوارەکانی دیکە، بەڵام ناتوانم لەم کاتەدا بە دڵنیاییەوە بڵێم ئایا ئەم رێبازەی ئێستا دەبێتەهۆی گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکانی دیکە لەگەڵ ئەمریکا یان نا."
لاریجانی دەشڵێت، "ئەگەر دانوستاندنەکان لە چوارچێوەیەکی لۆژیکیدا بەرەوپێش بچن، پێموایە سەرکەوتوو دەبن. بەڵام ئەگەر داواکاریی دیکە بخرێنەڕوو، دەبنەهۆی شکستی دانوستاندنەکان، ئەوا رێگەکە قورس دەبێت."
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەگەر نیگەرانیی ئەمریکا تەنیا ئەوە بێت کە ئێران بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو نەنێت، پرسەکە ئاسانە و چارەسەر دەکرێت.
رۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەردانی عومانی کرد و لەگەڵ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان و بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
بە گوێرەی میدیای ئێران، جگە لە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ عومان، لاریجانی هەڵگری پەیامێکی گرنگ بووە بۆ ئەمریکا.
عومان نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەکات و دانوستاندنەکانی نێوانیان لەو وڵاتە بەڕێوەدەچن.
رۆژی هەینی، 6ی شوباتی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندن لە نیوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. بەرپرسانی هەردوو وڵات، دانوستاندنەکانیان بە ئەرێنی ناوبرد و جەخت لە درێژەپێدانی دەکەنەوە.