پزیشکیان: ملکەچی داواکارییەکانی ئەمریکا نابین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لە 47ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەبەردەم "دەستدرێژییەکاندا" چۆک دانادات، بەڵام ئامادەی دیالۆگە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئامارەکان باس لە کوژرانی نزیکەی حەوت هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 11-02-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گۆڕەپانی ئازادی لە تاران لەبەردەم جەماوەرەکەی گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "ئێرانی ئێمە لە بەرامبەر دەستدرێژیدا دانانەوێت، بەڵام بە هەموو هێزی خۆمانەوە بەردەوام دەبین لە دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا".
 
پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ئاشتییانەیە و ئامادەی "هەر جۆرە پشکنینێکی" نێودەوڵەتین، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ملکەچی "داواکارییە زیادەکانی واشنتن" نابن.
 
هاوکات لەگەڵ یادەکە، جووڵە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە؛ عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە قەتەر و لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر کۆبووەوە. بەگوێرەی وێنە بڵاوکراوەکان، لاریجانی لە دەوحە چاوی بە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حەماس کەوتووە.
 
هەر ئەمڕۆ میری قەتەر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدان و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە واشنتن لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە.
 
سەرەڕای رێوڕەسمە فەرمییەکان، شەوی ڕابردوو کاتێک دەسەڵاتداران یارییە ئاگرینەکانیان دەتەقاند، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی تاران دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" لە باڵکۆنی ماڵەکانەوە دەبیستران.
 
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (HRANA) ئامارێکی ناڕەزایەتییەکانی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە، کۆی گشتیی کوژراوان گەیشتووەتە 6,984 کەس و 52,623 کەسیش دەستگیرکراون.
 
لە رێوڕەسمەکەی تاراندا، دەرکەوتنی ژمارەیەک ژن بەبێ حیجاب لە شاشەی تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە بووە جێگەی سەرنج، کە ئەمەش بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی راگەیاندنی ئێران لەچاو ساڵانی رابردوو دادەنرێت.