لاریجانی: هیچ پێشنیازێکی دیاریکراومان لە واشنتنەوە پێنەگەیشتووە


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی دانوستاندنەکان دەدات و هۆشداریش دەداتە ئەمریکا لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
 
رۆژی چوارشەممە، 11-02-2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند: "ئەمریکا رێگەیەکی ژیرانەی هەڵبژاردووە کە هاتووەتە نێو دانوستاندنەکان." ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن بەردەوامن و وڵاتانی ناوچەکەش کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە دەکەن، جەختیشی کردەوە کە هەڵوێستی تاران لەمبارەیەوە "ئەرێنییە."
 
لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە، لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ واشنتن "خاڵی هاوبەشیان هەیە" سەبارەت بە نەبوونی چەکی ئەتۆمی.
 
لاریجانی دەربارەی پێشنیازی واشنتن بۆ وڵاتەکەی گوتی: "هیچ پێشنیازێکی دیاریکراومان لە واشنتنەوە پێنەگەیشتووە و باس لە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی ناکرێت؛ چونکە بۆ بەرهەمهێنانی وزە و دەرمان پێویستمان پێیەتی."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئیسرائیلی بە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئیسرائیل هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی دانوستاندن دەدات و بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ؛ ئەو نەک هەر دژی ئێران، بەڵکو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دەکاتە ئامانج."
 
لاریجانی هۆشداریشی دایە بەرپرسانی واشنتن و رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەرمان، بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج."
 
ئەم لێدوانانەی لاریجانی دوای زنجیرەیەک جووڵەی دیپلۆماسی دێن؛ رۆژی سێشەممە، 10-02-2026، لاریجانی سەردانی عومانی کرد و لەگەڵ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان کۆبووەوە. عومان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەردەکەوێت و دانوستاندنەکان لەو وڵاتە بەڕێوەدەچن.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، لاریجانی لە سەردانەکەیدا بۆ مەسقەت "پەیامێکی گرنگی" بۆ ئەمریکییەکان پێبووە.
 
ئەمڕۆش، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گەیشتە قەتەر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس کۆبووەوە.
 
رۆژی هەینی، 06-02-2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندن لە نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، کە هەردوولا بە "ئەرێنی" وەسفیان کردووە.