مەسعود پزیشکیان: رێز لە سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە دەگرین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، تەنیا ئەو شوێنانە لەنێو خاکی وڵاتانی ناوچەکە بۆردوومان دەکەن، کە راستەوخۆ لەوێوە هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''بەدواداچوونی ورد'' لە هێرشەکەی سەر بەندەری سەلاسەی عومان دەکرێ.
 
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان قسەی کرد و تێیدا تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و جەنگ کرا.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە مەسعود پزیشکیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرەڕای دەربڕینی پابەندیی وڵاتەکەی بۆ رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە رایگەیاندووە: ''هیچ هێرشێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەنێو خاکی وڵاتانی دراوسێوە، قبووڵکراو نییە.''
 
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە ناڕەزایی عومان کرد، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی سەر بەندەری سەلاسەی وڵاتەکە و گوتی: ''ئامانجە سەربازییەکانی ئێمە تەنیا ئەو ناوچانەن، کە راستەوخۆ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنرێن، بۆیە لەوبارەوە بەدواداچوونی ورد دەکرێ.''
 
هەروەها مەسعود پزیشکیان جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کردەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی شانشینی عومان.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەکاتێکدایە، کە جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە 12ـیەمین رۆژەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.