قەرارگای خاتمولئەنبیا: هێرشەکەی سەر بەندەری سەلاسەی عومان گوماناوییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگای خاتمولئەنبیا هێرشەکەی سەر بەندەری سەلاسەی عومان، کە دەگوترێ لەلایەن ئێرانەوە کراوە، بە ''گوماناوی'' ناو دەبات و دەڵێ، بەدواداچوونی بۆ دەکرێ.
شەوی چوارشەممە 11-03-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیای ئێران سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی سەر بەندەری سەلاسەی عومان رایگەیاند: ''رووداوەکە گوماناوییە و بەدواداچوونی وردی بۆ دەکرێ.''
ئیبراهیم زولفەقاری عومانی بە وڵاتی ''دۆست و برا'' ناوبرد و گوتی: ''هێزە چەکدارەکانی ئێران رێز لە ئاسایش و سەروەریی نیشتمانیی عومان دەگرن.''
لە درێژەی جەنگی ئیسرائیل- ئەمریکا لەگەڵ ئێران، ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بەندەری سەلاسەی عومان و لە وەڵامدا ئەمریکا و ئیسرائیلیش هێرشیان کردە سەر بەندەرعەباسی ئێران.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێرانی رەتیدەکەنەوە هێرشەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەوانەوە کرابێت و دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
لە 28ـی شوباتی 2026ـوە، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوانی هاوبەش کردووە بۆ سەر ئێران و لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانیش چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل.