سوپای پاسداران شەپۆلی 40ـەمی هێرشە مووشەکییەکانی دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"، شەپۆلی 40ـەمی هێرشە مووشەکییەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی "بەرەی بەرگریی ئیسلامی" بۆ سەر ئامانجە جیاوازەکان دەستپێکردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێرشەکە بە هێمای "یا ئەمیرولموئمنین" و لە رێگەی تەقاندنی مووشەکەکانی جۆری قەدر، عیماد، خەیبەرشکێن و فەتاح کراوە. ئامانجی هێرشەکان بریتی بوون لە "ناوەندە هەستیارەکان لە تەلئەڤیڤ، قودس و حەیفا. بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەت بنکەکانی ئەزرەق و خەرج."
پێشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، کە ئیسرائیل و ئەمریکا ژێرخانی نیشتمانیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و ئاماژەی بەوە کرد"کۆنترین بانکی وڵات لە کاتێکدا بۆردوومان کراوە، کە پڕ بووە لە فەرمانبەر، کە سەرقاڵی راپەڕاندنی کارەکانی خەڵک بوون بۆ جەژنی نەورۆز."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە دڵنیاییەوە "تۆڵەی ئەم تاوانە" دەکەنەوە و رێگە نادەن هێرش بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان بێوەڵام بێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەردوولا ئامانجە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی یەکدی دەکەنە ئامانج.